دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند دوو هاووڵاتی مەکسیکیان دەستگیرکردووە کە دەشێ ڕۆڵیان هەبووبێت لە گیان لە دەستدانی 51 کۆچبەر، دوای ئەوەی لەناو بارهەڵگرێکی بەجێهێڵراودا گیریان خوارد بوو و بەهۆی گەرماوە گیانیان سپارد.
ئەو کۆچبەرانەی گیانیان لە دەستداوە 39 پیاو و 12 ژن بوون کە زۆربەیان هاوڵاتی مەکسیکی بوون و ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەیەکی پیشەسازی لە پەراوێزی شاری سان ئەنتۆنیۆی ویلایەتی تێکساس تەرمەکانیان دۆزرانەوە.
بەپێی گوتەی کریگ لەرەبی، بەرپرسی تایبەتی لێکۆڵینەوەی کۆچبەری و جێبەجێکردنی گومرگی ئەمەریکا (ICE)، ڕووداوەکە یەکێکە لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان کە بەهۆی قاچاخیکردن بە مرۆڤەوە لە ئەمەریکا ڕوویدا بێت.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا و دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا، دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی خوان فرانسیسکۆ و خوان کلۆدیۆ کە هەردووکیان هاوڵاتی مەکسیکین و هەڵگری چەک بوون و بە شێوەی نایاسایی لە ئەمەریکا نیشتەجێن تۆمەتبارکراون بەهێنانی ئەو کۆچبەرانە.
بەرپرسێکی مەکسیکی ڕایگەیاند تۆمەتباری سێیەم کە دەوترێت هاوڵاتییەکی ئەمەریکاییە کە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە، دەستگیرکراوە و چاوەڕوان دەکرێت تۆمەتبار بکرێت، بەڵام تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە.
بارهەڵگرەکە لە تەنیشت هێڵی شەمەندەفەرێکەوە لە پلەی گەرمی نزیکەی 40دا بە بێ ئاو و نان و هیچ ئامرازێکی دیار بۆ تەندروستی ڕاگیرابوو.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕووداوەکەی بە مەترسیدار وەسف کرد و گوتی بەکارهێنانی خەڵكی هەژار و بێ دەسەڵات بۆ قازانج مایەی شەرمەزارییە.