دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی پۆلیس 46 کۆچبەریان بە مردوویی لەناو بارهەڵگرێکدا دۆزیەوە.
چارلز هوود، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری سان ئەنتۆنیۆ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ١٦ کەسی دیکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان کە پەیوەندییان بە گەرماوە هەبووە کە لەناویاندا چوار منداڵ هەن.
بارهەڵگرەکە لە تەنیشت هێڵی شەمەندەفەرێک لە ناوچەیەکی دوور لە پەراوێزی باشووری شاری سان ئەنتۆنیۆ دۆزراوەتەوە. ڕۆژی دووشەممە پلەکانی گەرما لە شارەکە لە سەروو 39 پلەی سەدیەوە بوو هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی شێ.
پۆلیسی سان ئەنتۆنیۆ ڕایگەیاندووە هێشتا ناتوانن بڵێن ئەو کەسانەی لەناو بارهەڵگرەکەدا بوون خەڵکی کوێن. دەسەڵاتدارانی فیدراڵی بەرپرسیارێتی لێکۆڵینەوەکەیان گرتۆتە ئەستۆ.
مارسێلۆ ئێبرارد وەزیری دەرەوەی مەکسیک لە تویتێکدا نووسیویەتی، بەپێی وتەی ئەو باڵێۆزەی مەکسیک کە چووەتە ناوچەکە، لەنێو ئەو کەسانەی کە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکە دوو کەسیان خەڵکی گواتیمالا بوون.
ئێبرارد گوتیشی بارهەڵگرەکە تابلۆی ئەمەریکی لەسەرە و ئەگەری زۆرە ئەو ڕووداوە کاری بازرگانانی مرۆڤ بووبێت.
ڕان نیرنبێرگ سەرۆکی شارەوانی سان ئەنتۆنیۆ دۆخەکەی بەوە ناودێرکرد کە "هیچ کەمتر نییە لە کارەساتێکی ترسناک و مرۆیی."
نیرنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "ئەوە کارەساتبارە، ئێمە دەزانین ئیتر ئەو 46 کەسە چیتر لەگەڵماندا نین، خاوەن خێزانیان بوون، پێدەچێت هەوڵیان دابێت بە دوای ژیانێکی باشتردا بگەرێن."
لە ساڵی 2017 دا 10 کۆچبەر دوای ئەوەی لەناو بارهەڵگرێکدا گیریان خواردبوو کە پۆلیسی سان ئەنتۆنیۆ لە شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکانی بازاڕی وەڵمارتدا دۆزیبیانەوە، گیانیان لەدەستدا. شۆفێری ئەو بارهەڵگرە بەهۆی ڕۆڵی لە ئۆپەراسیۆنی قاچاخچێتیدا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.