Accessibility links

ژمارەیەکی زۆر لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان هێشتا بێ خۆراک و پەناگەن


کۆمەک ڕۆژی هەینی گەیشتە گوندە وێرانبووەکانی ناوچە دوورە دەستەکانی ئەفغانستان، بەڵام هەزاران کەس بەبێ خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون و ئاو ماونەتەوە سێ ڕۆژ دوای کوشندەترین بوومەلەرزەی وڵاتەکە لە ماوەی دەیان ساڵدا.

بوومەلەرزەکەی ڕۆژی چوارشەممە بە گوڕی 5.9 ڕیختەر لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیدا بە درێژایی سنوری پاکستان لە کاتێکدا خەڵک خەوتبوو. لە ئەنجامدا، زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش بێ ماڵ و حاڵ بوون.

لە هەندێک ناوچە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، گوند هەیە بە تەواوی تەختی زەوی بووە و ڕزگاربووان دەڵێن تەنانەت بە زەحمەت ئامێرێکیان دەستدەکەوت تا مردووەکانی پێ بنێژن.
زەیتوڵا غورزیوال، تەمەن 21 ساڵ، بە تیمێکی ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "بەتانی نییە، چادر نییە، هیچ پەناگەیەک نییە. تەواوی سیستەمی دابەشکردنی ئاومان وێران بووە. هەر هیچ شتێک نییە بیخۆین."

ناوچەکە هێشتا بەهۆی سووکە بومەلەرزەکانی دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە خەڵکی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون، بەدوای پەناگەیەکی سەلامەتردا دەگەڕێن.

بەپێی وتەی مەقبول لوقمانزایی، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای گەیان، یەکێک لە سووکە بومەلەرزەکان کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس.

یارمەتییەکان لە هەندێک ناوچەدا وردە وردە دەگەیشتن. ئاژانسی فرانس پرێس بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی حەوت بارهەڵگری پرۆگرامی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانی بینی کە دەچوونە ناو گوندی وچکای، دوای 24 کاتژمێر جێهێشتنی کابول، بۆ دابەشکردنی چادر و بەشەخۆراکی فریاگوزاری.

هەروەها دوو بارهەڵگری پزیشکانی بێ سنوور بە پێداویستی پزیشکییەوە گەیشتن.
محەممەد ئەمین حوزەیفە، بەرپرسی زانیاری پارێزگای پەکتیکا ڕایگەیاند، بارانبارینی بەخوڕ و لافاو ڕێگرە لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها بەهۆی بومەلەرزەکەوە تاوەرەکانی مۆبایل و هێڵەکانی کارەبا ڕووخاون، پەیوەندییەکانیش زیانیان بەرکەوتووە.

بوومەلەرزەکە ئەو ناوچانەی گرتەوە کە پێشتر بەدەست کاریگەری بارانبارینی بەخوڕەوە دەیان ناڵاند. ئەوەش بووە هۆی کەوتنی بەرد و قوڕ کە ئەو گوندانەی بە شێوەیەکی ناجێگیر لەسەر بناری شاخەکان نیشتەجێ بوون، لەگەڵ زەویدا تەخت کرد.

بەرپرسان دەڵێن نزیكەی 10 هەزار خانوو وێران بوون. ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە لە شوێنێکدا کە تێکرای ژمارەی ئەندامانی خێزانێک 20 کەسە.

بیبی حەوا، لە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەی شارانی پاكتیكای پایتەختەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "لە ژوورێكدا حەوت كەس، لە ژوورێكی دیكە 5 كەس، لە ژوورێكی دیكە 4 كەس و لە ژوورێكی دیكەش سێ كەس لە خێزانەكەم گیانیان لەدەستدا."

لە وچکای، گۆڕستانێک لەسەر گردێک کە ڕووی لە گوندەکەیە، 11 گۆڕی تازەی تێدابوو هەموویان ئەندامی یەک خێزان بوون.

ڕێکخراوی منداڵ پارێزانی جیهان ڕایگەیاند کە زیاتر لە 118 هەزار منداڵ بەهۆی ئەو کارەساتەوە زیانیان بەرکەوتووە.

ڕێکخراوە دەڵێت "زۆرێک لە منداڵان ئێستا پێدەچێت ئاوی پاکی خواردنەوە و خۆراک و شوێنێکی سەلامەت بۆ خەوتنیان نەبێت".

سەرچاوە: فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG