Accessibility links

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.9 ئەفغانستان دەهەژێنێت


بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.9 ئەفغانستانی هەژاند. بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کارەساتەکان ڕایانگەیاند، زیاتر لە 1000 کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 600 کەسی تریش بریندار بوون، پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانیان بەرزببێتەوە لەگەڵ گەیشتنی زانیاری لە گوندە دوورە دەستەکانەوە.

محەمەد ئەمین حوزەیفە بەرپرسی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری لە هەرێمی پەکتیکا لە نامەیەکی بۆ میدیاکان نووسیویەتی ژمارەی گیان لەدەستدانی ئاکامی بومەلەرزەکە گەیشتە (1000) کەس. دەشڵێت ژمارەکە لە زیادبووندایە وە خەڵکی گۆڕ لە دوای گۆڕ هەڵدەکەنن. ڕاپۆرتەکانیش باس لە بوونی سەدان بریندار دەکەن.

سەڵاحەدین ئەیوبی، بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند "ئەگەری زۆر هەیە ژمارەی قوربانیان بەرزببێتەوە بەهۆی ئەوەی بەشێک لە گوندەکان لە ناوچە دوورەدەستە شاخاویەکانن و کاتێکی زۆری دەوێت بۆ کۆکردنەوەی وردەکارییەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد لە هەوڵەکانی ڕزگارکردندا کۆپتەرەکان ئامادەکراون کە بریندارەکان دەگوازنەوە و پێداویستی پزیشکی و خۆراک دەگەیەننە ئەو ناوچانە.
ئەو وێنانەی لە میدیاکانی ئەفغانستان بڵاوکراونەتەوە نیشانی دەدەن کە خانووەکان بەسەریەکدا داڕووخاون، تەرمەکان لەسەر زەوی کەوتوو و بە بەتانی داپۆشراون.

دەزگای چاودێری جیۆلۆجی لە ئەمەریکا (USGC) ڕایگەیاندووە، بومەلەرزەکەی ڕۆژی چوارشەممە کوشندەترین بوومەلەرزە بووە لە دوای ساڵی 2002ەوە، کە نزیکەی 44 کیلۆمەتر لە شاری خۆست لە باشووری ڕۆژهەڵات لە نزیک سنوری پاکستان ڕوویدا.

ئەیوبی ئاماژەی بەوەشکرد زۆربەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە و پشتڕاستکراونەتەوە لە پارێزگای پەکتیکا لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بووە، کە 255 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200 کەسیش برینداربوون. لە پارێزگای خۆست 25 کەس گیانیان لەدەست داوە و 90 کەسیش گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی باڵای تاڵیبانی دەسەڵاتدار لە بەیاننامەیەکدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند.

ناوەندی بومەلەرزەزانی ئەوروپا و دەریای ناوەڕاست EMSC لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە، نزیکەی 119 ملیۆن کەس لە پاکستان، ئەفغانستان و هیندستان هەستیان بە بومەلەرزەکە کردووە، بەڵام هیچ هەواڵێکی دەستبەجێ لە بارەی زیانەکان لە پاکستانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ئەفغانستان لەگەڵ قەیرانێکی ئابووری سەختدا دەجەنگێت، لە کاتێکدا هێزە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا دوای دوو دەیە لەو وڵاتە کشانەوە.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG