Accessibility links

تیمەکانی بەهاناوەچوون بەردەوامن لە ڕزگارکردنی زیندووماوانی بومەلەرزە بە‌هێزەکەی ئەفغانستان


تیمەکانی بەهاناچوون ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام بوون لە سەر هەوڵەکانیان بۆ ڕزگارکردنی زیندووماوانی بومەلەرزە بە‌هێزەکەی ئەفغانستان کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی بەلایەنی کەم هەزار کەس.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە یارمەتییەکان دەستیانپێکردووە بۆ ئەو ناوچە دوورە دەستانەی ئەفغانستان بەڵام خراپی تۆڕی پەیوەندییەکان و نەبوونی ڕێگاوبانێکی گونجاو کۆسپی لە بەردەم گەیاندنی پێداویستییەکان دروست کردووە.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ڕایگەیاند نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن، ناردنی تیمەکانی تەندروستی، کەلوپەل، دەرمان، خۆراک و چادر بۆ ئەو ناوچانەی کە بوومەلەرزەکە کاری تێکردوون.

ڕامیز ئەلئەکبەرۆڤ ڕێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەفغانستان بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند بەلایەنی کەم 15 ملیۆن دۆلار هاوکاری دەستبەجێ پێویستە بەڵام داواکارییەکە زیاتریش دەبێت لە کاتیکدا تا دێت زیانەکان و ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەکە زیاتردەبن.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕایگەیاند ئەمەریکا دڵگرانە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکارەکەی ئەفغانستان ئەو گوتیشی خەڵکی ئەفغانستان بە زەحمەتییەکی زۆردا تێدەپەڕن و ئەم کارەساتە سروشتییە ئەو بارودۆخە مرۆییەی خراپترکردووە کە خۆی لە خۆیدا خراپ بوو. ئەو گوتیشی هاوبەشە مرۆییەکانمان دەستیان بە هاوکاری کردووە لە ناویاندا ناردنی دەرمان و تیمەکان بۆ هاوکاریکردنی ئەو خەڵکەی کە زیانیان پێکەوتووە و هاوکاری ئۆپەراسیۆنەکان تری یارمەتیدانیش دەکەین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پرایسیش لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند هێشتا ئاگاداری ئەوە نین ئەگەر تاڵیبان داوای یارمەتی لە ئەمەریکا کردبێت بەڵام ئێمە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە کاروباری مرۆییدا لە پەیوەندیداین.

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکاش گوتی سەرۆک بایدن چاودێری پەرەسەندنەکان دەکات و فەرمانی بە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێونەتەوەیی و ئاژانسەکانی تری فیدراڵی کردووە بژاردەکانی وەڵامدانەوەی ئەمەریکا بۆ هاوکاری کردنی ئەو خەڵکە هەڵبسەنگێنن.

XS
SM
MD
LG