Accessibility links

سەرۆک بایدن داوا دەکات باجی سەر بەنزین و گازوایل بۆ ماوەی 3 مانگ ڕابگیرێت


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی چوارشەممە داوای لە کۆنگرێس کرد باجی فیدراڵی سەر بەنزین و دیزڵ بۆ ماوەی سێ مانگ ڕابگرێت.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها داوا لە ویلایەتەکان دەکات باجی سەر بەنزین ڕابگرن یاخود یارمەتی هاوشێوە پێشکەش بکەن.

شایانی باسە کە باجی فیدراڵی لەسەر بەنزین 18.4 سەنتە بۆ هەر گاڵۆنێک و باجی فیدراڵی لەسەر سووتەمەنی دیزڵ 24.4 سەنت بۆ هەر گاڵۆنێکە.

ئەگەر پاشەکەوتی بەنزین بە تەواوی بگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنەران، خەڵک نزیکەی 3.6% دۆلار پاشەکەوت دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخەکان بە تێکڕایی لە ئێستادا نزیکەی 5 دۆلارە بۆ هەر گاڵۆنێک لە سەرانسەری وڵاتدا.

بەڵام ڕوون نییە کە ئایا بایدن دەتوانێت لە ڕێگەی کۆنگرێسەوە پێشنیارێکی لەو شێوەیەوە پەسەند بکات یان نا. زۆرێک لە نوێنەران، لە نێویاندا هەندێک لە نوێنەرانی پارتەکەی خوودی سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەخنەیان لە پێشنیارەکە گەتووە و تەنانەت زۆرێک لە ئابووریناسان بە گومانەوە سەیری بیرۆکەی ڕاگرتنی باجی سەر بەنزین دەکەن.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما، لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٨دا، بیرۆکەی ڕاگرتنی باجی سەر بەنزینی بە "فێڵ" ناوبرد کە ڕێگەی بە سیاسەتمەداران دەدا "بڵێن شتێکمان کردووە". هەروەها هۆشداریدابوو لەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان دەتوانن بە بەرزکردنەوەی نرخەکانیان قەرەبووی کەمکردنەوەی باجەکە بکەنەوە.

كۆشكی سپی لەم هەفتەیەدا بانگهێشتی بەڕێوەبەرانی حەوت كۆمپانیای نەوتی كرد بۆ كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی ڕێگاكانی زیادكردنی توانای بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی نرخی بەنزین.

ئەمۆس هۆچستاین ڕاوێژکاری باڵای وزەی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕۆژی چوارشەممە بەرگری لە پێشنیارەکەی بایدن کرد و گوتی ئەگەر کۆنگرێس و ویلایەتەکان گوێ لە داواکەی سەرۆک بگرن و پیشەسازی نەوت پاشەکەوتەکە نەخاتە گیرفانی خۆیەوە، ئەوا بەکارهێنەران دەتوانن نزیکەی ٥٠ سەنت لە هەر گاڵۆنێکدا پاشەکەوت بکەن.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین مەترسییەکی بنەڕەتی لەسەر داهاتووی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و سیاسەتی بایدن دروست دەکات.

هەوڵەکانی ڕابردووی بایدن بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، لەوانە ئازادکردنی نەوت لە یەدەگی ستراتیژی ئەمەریکا و تێکەڵکردنی زیاتری ئیتانۆل لەم هاوینەدا نەیتوانیوە نرخەکان دابەزێنێت و کێشەکان چارەسەر بکات.

بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس هەفتەی ڕابردوو گوتی ئەمەریکا هێشتا کێشەکانی پەتای کۆرۆنای بە تەواوی بۆ چارەسەر نەکراوە کە دەبێت لە ئێستاشدا نیگەرانی چۆنیەتی کڕینی بەنزین و خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە بێت.

سەرۆک بایدن ناتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو کار بۆ جێگیرکردنی نرخی بەنزین بکات کە لەلایەن بازاڕە جیهانییەکان و کۆمپانیاکانەوە دەستنیشان دەکرێت.

مارک زەندی، ئابووریناس لە کۆمپانیای Moody’s Analytics مەزەندەی کردووە کە زۆربەی ئەو هەڵاوسانە 8.6%ی کە لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا لە ئەمەریکا ڕوویداوە، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان کە بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا و ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە.

سەرچاوە: AP

XS
SM
MD
LG