Accessibility links

چەکدارێک دوو کەس لە کڵێسایەکی ئەمەریکا دەکوژێت و دەستگیردەکرێت



دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند چەکدارێک لەناو کڵێسایەکی دەوروبەری ویلایەتی ئەلاباما لە کۆبوونەوەی گروپێکی بچووکدا تەقەی کردووە و دوو کەسی کوشتووە و کەسێکیشی بریندار کردووە پێش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە دەستگیربکرێت.

کاپتن شەین وێر گوتی "هێرشەکە لە کڵێسای سەینت ستیڤن لە گەڕەکی بیرمینگهامی ناوچەی ڤێستاڤیا هیڵز ڕوویداوە. تیمەکانی فریاگوزاری، تەلەفۆنێکیان لە نزیکەی کاتژمێر 6:20ی پاشنیوەڕۆ بۆ هاتووە کە کەسێک لە کڵێساکە تەقە دەکات."

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە کاپتن شەین وێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و قوربانییەکی بریندار لە نەخۆشخانە چارەسەری بۆ دەکرێت. پۆلیس ئامادە نەبوو ناسنامەی تۆمەتبارەکە یان قوربانییەکان ئاشکرا بکات، یان وردەکاری زیاتر لەسەر هێرشەکە بدات. هەروەها پۆلیس ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی لێکۆڵینەوەیەکی دیکە لە بارەی هێرشەکەوە ئەنجام دەدات.

پێشتر کاپتن شەین وێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

تەقەکردنەکەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کاتێكدایە کە زیاتر لە مانگێکە هێرشێکی دیکەی لەو شێوەیە کرایە سەر کڵێسایەک لە باشوری کالیفۆرنیا کە بووە هۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی پێنج کەسی دیکە، کاتێک پیاوێک تەقەی لە نوێژخوێنە بەڕەچەڵەک تایوانیەکان کرد. هەروەها نزیکەی حەوت ساڵ دوای ئەو کارەساتە دێت کە کەسێکی توندڕەوی سپی پێست، کە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە لە کاتی خوێندنەوەی کتێبی پیرۆزدا لە کڵێسای ئیمانوێل Emanuel AME لە شاری چارلستن لە ویلایەتی ساوس کارۆلینا، نۆ کەسی کوشت.

سەرچاوە: ئەسۆشەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG