Accessibility links

کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی مووشەکی پاش ڕاهێنانی سەربازی هاوبەشی ژاپۆن و ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت


کۆریای باکوور ڕۆژی یەکشەممە هەشت مووشەکی بالیستیکی مەودا کورتی لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆی بەرەو دەریا هەڵدا، ئەمەش ڕۆژێک دوای کۆتاییهێنانی مەشقی سەربازی هاوبەشی کۆریای باشوور و ئەمەریکا ڕوویدا.

سەرۆکی ئەرکە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور رایگەیاند بەلانی کەمەوە هەشت مووشەک لە ناوچەی سونانی لە پیۆنگ یانگی پایتەختی کۆریای باکوورەوە بە مەودای نێوان 110 بۆ 600 کیلومەتر و بەرزایی 90 کیلومەتر هەڵدراون.

لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە هەڵدانی مووشەکەکانی کۆریای باکوور، هێزی خۆپارێزی ژاپۆن بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ژاپۆن و ئەمەریکا مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان ئەنجامداوە، و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆریای باشووریش(NSC) کۆبوونەوەی سەبارەت بەو پرسە ئەنجامداوە.

نوسینگەی سەرۆكی كۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە بەو ئەنجامە گەیشتووە كە هەڵدانی مووشەكەکانی کۆریای باکوور بۆ تاقیكردنەوەی ئامادەیی بەڕێوبەرایەتی نوێی كۆریای باشوور بووە ،كە لە مانگی رابردوودا دەستبەكاربووە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، کیم گان، نوێنەری تایبەتی کۆریای باشوور بۆ کاروباری ئاشتی و ئاسایشی دوورگەی کۆریا، لەگەڵ سونگ کیم نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری کۆریای باکوور، تاوتوێی هەڵدانە مووشەکییەکانی کۆریای باکووریان کردوە. هەروەها کیم گان سەبارەت بەو پرسە لە لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکەیدا تاوتوێی کارەکەی کۆریای باکووریان کردوە.

فەرماندەیی ئوقیانووسی هیندی و ئارامی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند هەڵدانی چەندین مووشەکی بالیستیکی کۆریای باکوور دەرخەری کاریگەرییە ناسەقامگیرکەرەکانی بەرنامەی چەکی نایاسایی ئەو وڵاتەیە، و دەشڵێت بەڵام ئەو ڕووداوە مەترسییەکی دەستبەجێی دروست نەکردووە.

هەڵدانە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور هەروەها لە میانەی سەردانێکی سونگ کیم بۆ سیئۆل بووە، و بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بڕیاربووە ئەو بەرپرسە ئەمریکییە سەرەتای ڕۆژی شەممە لە سیئۆل دەربچێت.

ناوبراو لە ڕۆژی هەینیدا چاوی بە هاوتاکانی کۆریای باشوور و ژاپۆنی کەوتوە بۆ ئامادەکاری بۆ هەموو حاڵەتێکی مەترسیدار، چونکە ئاماژەکان دەرخەری ئامادەکاری کۆریای باکوورن بۆ تاقیکردنەوەی ناوکی بۆ یەکەمجار لەوەتای ساڵی 2017وە.

کیم لە سەردانەکەیدا بۆ ژاپۆن ڕایگەیاند کە واشنتون راستەوخۆ و بە روونی بە پیۆنگ یانگی راگەیاندووە کە دەرگاکانی بۆ دیپلۆماسی کراوەیە، و ئامادەیە تاوتوێی ئەو بڕگانە بکات کە جێگەی بایەخی پیۆنگ یانگن، وەک هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو وڵاتە.

هەفتەی ڕابردوو ئەمەریکا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سزای زیاتری بۆ سەر کۆریای باکوور بەهۆی هەڵدانی موشەکی بالیستیکەوە بسەپێنێت، بەڵام چین و ڕووسیا پێشنیارەکەیان ڤیتۆ کرد.

XS
SM
MD
LG