Accessibility links

بایدن داوا لە کۆنگرێس دەکات گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتر بۆ چەک هەڵگرتن پەسەند بکات


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکیدا شەوی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی داوای لە کۆنگرێس کرد "ڕێوشوێنی هزرمەندانە" پەسەند بکەن بۆ سنووردارکردنی ئەو تەقەکردنە ڕەشەکوژییە کوشندانەی کە ئەمەریکییەکانی تووشی سەرسوڕمان کردووە. داوای سنوردارکردنی نوێی کرد کە بە وتەی خۆی یارمەتیدەر دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ڕێی چەکەوە.

بایدن داوای لە کۆنگرێس کرد چەکی هێرشبەری نیمچە ئۆتۆماتیکی و چەکی هێرشبەر کە لە ساڵی 2004دا بەسەرچووە قەدەغە بکرێن.

دەشڵێت "ئەگەر نەتوانین چەکی هێرشبەر قەدەغە بکەین، ئەوا پێویستە تەمەنی کڕینی چەک لە 18 ساڵەوە بۆ 21 ساڵ بەرز بکەینەوە"، ئاماژەشی بەوە کرد کە چەکدارەکە لە تەقەکردنەکەی مانگی ڕابردوودا لە قوتابخانەکەی ئوڤاڵدی لە ویلایەتی تەکساس، کە هەر تەمەی بوو بە 18 ساڵ هەر زوو دوو چەکی هێرشبەری کڕیوە و بەکاریهێناون بۆ کوشتنی 19 خوێندکار و دوو مامۆستا و برینداربوونی 17 کەسی دیکەش.

سەرۆک بایدن باس لە دوایین تەقەکردنە بە کۆمەڵەکان دەکات و هەوڵدەدات فشارەکان لەسەر کۆنگرێس زیاد بکات بۆ تێپەڕاندنی بڕیارێک تا سنوورێکی توندتر بۆ بەکارهێنانی چەک دابنرێت.

بایدن پاڵپشتی ڕێوشوێنی دیکەی کرد، لەوانە بەهێزکردنی پشکنینی پێشینەیی کڕیارانی چەک، دەرکردنی یاسای بەناو ئاڵای سوور، کە ڕێگە بە دەسەڵاتداران دەدات دەست بەسەر چەکدا بگرن بۆ ماوەیەک ئەگەر کەسێک هەڕەشە بێت یان ناسەقامگیری دەروونی هەبێت، هەروەها یاساکانی سەلامەتی ئەمبارکردن و هێشتنەوەی چەک.

هەروەها هەوڵێکی دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارێزبەندییەی کە بەرهەمهێنەرانی چەک لە بەرپرسیارێتی دەپارێزێت.

بایدن گوتیشی "ئەوان تاکە پیشەسازیەکن لەم وڵاتەدا کە ئەو جۆرە پارێزبەندییەیان هەیە. بیربکەرەوە، ئەگەر پیشەسازی جگەرە و توتنسازی پارێزبەندی هەبوایە بەرامبەر سکاڵاکان، ئەمڕۆ ئێمە لە کوێ دەبووین."

ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئەو بانگەشەیان بۆ دەکات، بە دووری نازانرێت لە کۆنگرێسێکی دابەشبووی سیاسیدا پەسەند بکرێت، کە ساڵانێکە یاسادانەران لەسەر یاسای چەک ناکۆکییان هەیە.

کۆمارییەکان سەرکۆنەی تەقەکردنە بە کۆمەڵەکان و توندوتیژییەکانی چەک دەکەن بەڵام بەردەوام ڕێگرییان لە یاسای کۆنترۆڵکردنی چەک کردووە و دەڵێن ئەو سنووردارکردنە پێشنیارکراوانەی کە دیموکراتەکان لەگەڵیدان کاریگەری لەسەر ئازادی هاوڵاتیانی پابەند بە یاساوە دەبێت و ناکۆکن لەگەڵ مافی ئەمەریکییەکان بۆ هەڵگرتنی چەک کە لە بەندی دووەم هەموارکردنەوەی دەستووری ئەمەریکادا هەیە.

XS
SM
MD
LG