Accessibility links

ئیسڕائیل یەکەمین حاڵەتی مێکوتەی مەیمون تۆمار دەکات


ئیسڕائیل یەکەمین حاڵەتی توشبوونی بە مێکوتەی مەیمون لە ڕۆژی شەممەدا تۆمار کرد، بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

ناوەندی تەندروستی تەل ئەڤیڤ سۆراسکی دەڵێت توشبووەکە پیاوێکە کە تەمەنی لە 30 یەکاندایە و لە گەشتێکی بۆ ڕۆژئاوای ئەوروپا گەڕاوەتەوە، پیاوەکە لە ناوەندەکەدا کوارەنتین کراوە و نیشانەکانی نەخۆشییەکەی سووکن.

وەزیری تەندروستی ئیسڕائیل نیتزان هۆرۆیتز وتی چەند سەد ڤاکسینێک دەکڕین تاوەکو ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە بگرین. وتیشی " ئەمە پەتا نیە، ئەمە هیچ شتێکی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناچێت."

وەزیرەکە وردەکاری نەدا لەسەر ڤاکسینەکە بەڵام ڤاکسینی مێکوتە دەکرێت دژی مێکوتەی مەیمونیش بەکاربهێندرێت.

مێکوتەی مەیمون نەخۆشییەکی گوازراوەیە و زۆرجار نیشانەکانی سووکن و لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقاوە سەریهەڵداوە. لەڕێی بەرکەوتنی نزیکەوە دەگوازرێتەوە و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە ئاسانە، ئەوەش لەڕێی کوارەنتین کردنی توشبووەکە و پاکوخاوێنییەوە.

بەپێی زانایان نەخۆشییەکە لەمدواییانەدا لە زیاتر لە 10 وڵات دەرکەوتووە کە دەرکەوتنیان لەو وڵاتانەدا شتێکی باو نیە. زیاتر لە 100 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکە پشتڕاست کراونەتەوە، زۆرینەیان لە ئەوروپا بوون.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی تەندروستی گشتی نەرویج وتی وڵاتەکە دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای حاڵەتەکانی مێکوتەی مەیموندا لە ئۆسلۆ.

ناوەندەکە وتی " بیانییەک کە لە 6 بۆ 10 ی مانگی پێنجدا سەردانی ئۆسلۆی کردووە، دوای گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی خۆی توشی نەخۆشییەکە بووە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا بیانیەکە خەڵکی چی وڵاتێک بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG