Accessibility links

دادگایکردنی تەقەکەری سوپەرمارکێتەکەی نیویۆرک دەستپێدەکات


پیاوێکی سپی پێستی تەمەن 18 ساڵ، کە تۆمەتبارە بە کوشتنی 10 کەس بەهۆی گولە بارانکردنێکی ڕەگەزپەرستانەی ڕاستەوخۆ لە سوپەرمارکێتێکی ناوچەیەکی زۆرینە ڕەشپێستی شاری بەفەڵۆ لە ویلایەتی نیویۆرک، ڕۆژی پێنجشەممە بۆ ماوەیەکی کورت چووە دادگا و دادوەریش دادگاییەکەی بۆ مانگی داهاتوو دواخست.

دوایین تەقەکردنی ڕەگەزپەرستانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە فرۆشگایەک بەناوی Tops Friendly Markets لە ڕۆژی شەممەی پێشوودا مشتومڕێکی نیشتمانی دروستکرد سەبارەت بە پرسی چەک، تیرۆری ناوخۆیی، ڕق و ڕۆڵی ئینتەرنێت لە بڵاوکردنەوەیدا.

تەقەکەرەکە پەیتن جێندرن ڕاستەوخۆ هێرشکردنەکەی لە سایتی Twitch بڵاوکردەوە کە خەڵکی ڤیدیۆی گەیمی تێدا بڵاو دەکەنەوە.

جێندرن کە هەر لە فرۆشگاکە دەستگیرکرا، بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە لە بەردەم دادوەری دادگای شاری بەفەڵۆ کرایگ هانا ئامادە بوو، بڕیاردرا دانیشتنی داهاتووی دادگا لە 9 ی 6 دا ئەنجام بدرێت.

پەیتن جێندرن جل و بەرگی ڕەنگ پرتەقاڵی زیندانیکردنی لە بەردا بوو، دەمامکێکی پزیشکی سپی پێچا بوو. دەستەکانی کۆت و بەند کرابوو. لەگەڵ کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەدا کەسێک لە هۆڵی دادگاکەدا هاواری کردوو گوتی "تۆ ترسنۆکیت."

پۆلیس دەڵێت تەقەکەرە تفەنگێکی نیمچە-ئۆتۆماتیکی بەکارهێناوە کە بۆ هێرشکردن بەکاردەهێنرێت. جێندرن بە تۆمەتی کوشتنی پلە یەک تۆمەتبار کراوە، کە سزاکەی زیندانی هەمیشەییە لە نیۆرک بەبێ ئازادکردنی بە کەفالەت.

لە هێرشەکەدا 13 کەس فیشەکیان بەرکەوت کە زۆربەیان ڕەشپێست بوون و 10 کەسیشیان گیانیان لەدەستدا.

دەستبەجێ FBI ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لەو هێرشە دەکەن و وەک تاوانێکی ڕق و کینە و کردەوەیەکی "توندڕەوی توندوتیژئامێز کە پاڵنەری ڕەگەزپەرستی لەپشتەوە بووە" ناودێریان کرد. دەسەڵاتداران ئاماژەیان بە نوسراوێکی درێژ کردووە کە گومانی لێدەکرێت پێش تەقەکردنەکە لە ئینتەرنێت بڵاوی کردبێتەوە.

ڕوون نەبووەتەوە ئایا جێندرن دەستبەجێ ڕووبەڕووی تۆمەتی زیاتر دەبێتەوە لەلایەن ویلایەتەکەوە یان نا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG