Accessibility links

ئەمەریکا مووچەی یاریزانانی تۆپی پێی ژنان و پیاوان یەکسان دەکات


لە بڕیارێکی مێژوویدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریکا دەڵێت یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی پیاوان و ژنانی ئەمەریکا لەمەودوا مووچە و پارەی خەڵاتی یەکسان وەردەگرن، لە نێویاندا ئەو بڕە پارەیەی کە بەهۆی بەشداریکردن لە مۆندیالدا وەریدەگرن.

بۆ پێشبڕکێ فەرمییەکان، لەنێویاندا مۆندیال، یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی ژنان (USWNT) و پیاوان (USMNT) بڕی یەکسان پارە وەردەگرن بۆ بەشداریکردن لە یارییەکاندا.

بۆ پێشبڕکێ فەرمییەکان جگە لە مۆندیال، یاریزانانی هەردوو ڕەگەزەکە پاداشتی یاریی یەکسان بەدەست دەهێنن.

تۆپی پێی ئەمەریکا دەبێتە یەکەم فیدراسیۆن لە جیهاندا کە پارەی خەڵاتی مۆندیالی فیفا یەکسان بکات کە دەدرێت بە هەردوو تیمی ئافرەتان و پیاوان بەهۆی بەشداریکردن لە مۆندیالدا.

سیندی پارلۆ کۆن، سەرۆکی تۆپی پێی ئەمەریکا، وتی "ئەمە بەڕاستی ساتێکی مێژووییە. ئەم ڕێککەوتنانە یارییەکەیان بۆ هەمیشە گۆڕیوە لێرە لە ئەمەریکا و توانای گۆڕینی یارییەکەیان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە."

تیمی خانمان چیتر موچەی گرەنتی وەرناگرن و هەمان پارەی بۆ یاریکردنیان دەبێت وەک هاوتا پیاوەکانیان.

لە بریارێکی دیکەی بێ پێشینەدا بۆ تۆپی پێی ئەمریکی و سەندیکاکانی یاریزانان، تۆپی پێی ئەمریکی بەشێک لە داهاتی پەخش و هاوبەش و سپۆنسەری خۆی دابەشدەکات بە 50-50 لەو پشکە کە بە یەکسانی لە نێوان تیمی ژنان و پیاواندا دابەش دەکرێت.

یو ئێس سۆکەر وتی چوارچێوەی نوێی هاوبەشکردنی داهات "هانێکی زیاتر دەدات بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن بۆ گەشەپێدانی یارییەکە".

فیدراسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها رێککەوتنەکان تەندروستی و سەلامەتی یاریزانان باشتر دەکەن، پاراستنی نهێنی داتاکان و پێویستی هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتیەکان بەرامبەر بە هەردوو یانە و وڵات.

ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە ناکۆکییەک هێنا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٦ کاتێک هەندێک لە یاریزانەکان سکاڵای جیاکاری مووچەی فیدراڵییان تۆمارکرد و ئیدیعایان کرد کە مووچەکەیان کەمترە لە یاریزانە نێرەکان لەکاتێکدا داهاتی زیاتریان بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمەریکا بەدەستدەهێنن.

هەروەها گرێبەستەکە بوارەکانی دیکەی وەک چاودێری منداڵان، خانەنشینی، بیمە، مۆڵەتی دایک و باوک، کەمئەندامی کورتخایەن، تێکچوونی تەندروستی دەروونی، گەشتکردن، شوێنی نیشتەجێبوون، کوالێتی یەکسانی شوێنەکان و ڕووکاری یاریکردنی مەیدانی دەگرێتەوە.
بڕیارە مۆندیالی پیاوان لە مانگی 11 تا مانگی 12ی ئەمساڵ لە قەتەر بەڕێوەبچێت و لە ساڵی داهاتوودا مۆندیالی ئافرەتان لە ئوسترالیا و نیوزلەندا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG