Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ لە هاوتا ڕووسیەکەی دەکات


پنتاگۆن ڕایگەیاند ڕۆژی هەینی لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە بۆ یەکەمجار دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی سێرگی شۆیگو ئەنجامیدا، داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لەگەڵ ئۆکرانیا کردووە.

ئۆستن هەر لە دوای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر، چەندین جار هەوڵی داوە لەگەڵ شۆیگۆ قسە بکات، بەڵام بەرپرسان دەڵێن مۆسکۆ خواستی قسەکردنی نەبووە لەو بارەیەوە.

جۆن کێربی وتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئۆستن جەختی لە گرنگی پاراستنی هێڵەکانی پەیوەندی کردۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسیا لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیاوە بڵاویکردەوە، ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە "بە دەستپێشخەری لایەنی ئەمەریکی" سازکراوە.

تاس لە زاری وەزارەتەکەوە ڕایگەیاندووە کە "بابەتی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێ کراون، لەنێویاندا دۆخی ئۆکرانیا."

ئەمەریکا و ڕووسیا لە دوای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا هێڵێکی گەرمیان دامەزراندووە، کە مۆسکۆ بە "ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تایبەت" ناوی دەبات بۆ ڕێگریکردن لە خەمڵاندنی هەڵە و تاوسەندنی بارگرژییەکان لە ناوچەکەدا.

هێڵی گەرمی "ڕێگریکردن لە جەنگ" هێڵێکی تەلەفۆنی کراوەیە کە بنکەکەی لە بارەگای فەرماندەیی ئەوروپایە و دەکەوێتە ژێر دەستی ژەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی تۆد وۆڵتەرز کە سەرکردایەتی هەموو هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە کیشوەرەکەدا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG