Accessibility links

ئێران ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیان لەگەڵ سوید ڕەتدەکاتەوە


دادگای ئێران ڕۆژی سێشەممە ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیانی لەگەڵ وڵاتی سویدا ڕەتکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی بە تاوانی جەنگ لە ستۆکهۆڵم دادگایی دەکرێت و ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت لەگەڵ هاوڵاتیەکی سویدی بە ڕەگەز ئێرانی کە سزای لە سێدارەدانی لە ئێران بۆ دەرچووە.

زەبیحوڵڵا خوداییان گوتەبێژی دەزگای دادوەری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران گوتی، "دوو کەیسەکە هیچ پەیوەندیەکیان بە یەکترەوە نییە و هەر بۆیەش پرسی ئاڵوگۆڕ لە ئارادا نییە."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە حەمید نوری تەمەن61 ساڵ کە بەرپرسێکی پێشووی زیندانی ئێران بووە بڕیارە مانگی 7 لە دادگاییکردنێکدا لە سوید سزا بدرێت.

حەمید نوری لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دەستگیرکرا و تۆمەتبارە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ بە هۆی ڕۆڵی ناوبراو لە کوشتنی 5000 بەندکراو لە سەرتاسەری ئێران لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق ساڵی 1988.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایهاتن بە دادگاییکردنەکەی حەمید نوری، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ئەحمەد ڕەزا جەلالی ئەکادیمی سویدی بە ڕەگەز ئێرانی پاش ئەوەی لە ساڵی 2017 بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بڕیارە لە 21ی ئەم مانگە سزای لە سێدارەدانەکەی بەڕێوەبچێت.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن جەلالی تاوانبارە بە گواستنەوەی زانیاری دەربارەی دوو زانای ناوکی ئێرانی بۆ دەزگای سیخوڕی مۆسادی ئیسرائیل کە بووە بە هۆی کوشتنیان.

گوتەبێژی دادوەری ئێران زەبیحوڵڵا خوداییان دەڵێت نوری بێتاوانە و دادگاییکردنەکەی ناڕەوایە. گوتیشی بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە دۆسییەی جەلالی دەرکراوە و دەزگای دادوەری ئێران بە پێی بڕیارەکە هەڵسوکەوت دەکات.

دادگاییکردنی حەمید نوری گرژییەکانی نێوان تاران و ستۆکهۆڵمی زیاتر کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی ئێران هاوڵاتییەکی دیکەی سویدیان لە ئێران دەستگیرکردووە. پێشتر ستۆکهۆڵم هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاوڵاتیانی خۆی کرد خۆیان لە گەشتە نا پێویستەکان بۆ ئێران بەدوور بگرن.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG