Accessibility links

ئێران سزای لە سێدارەدان بۆ دکتۆرێکی سویدی بە ڕەچەڵەک ئێرانی دەردەکات


میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند کە تاران لەم مانگەدا سزای مەرگ بەسەر هاوڵاتییەکی سویدی بەرەچەڵەک ئێرانیدا جێبەجێ دەکات کە تۆمەتبارە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و لە 2016 ەوە لە زینداندایە.

هاوڵاتییەکە دکتۆرێکە بەناوی ئەحمەد ڕەزا جەلالی. ئاژانسی نیمچە فەرمی ئیسنای ئێران لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە دەڵێت کە تا 21 ئەم مانگە سزای لە سێدارەدان بەسەر جەلالیدا جێبەجێ دەکرێت.

جەلالی مانگی چواری 2016 دەستگیرکرا کاتێک بەسەردانێک چووە ئێران. ساڵی ٢٠١٧، جەلالی سزای مەرگی بۆ بڕایەوە دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بە دابینکردنی زانیاری لەبارەی دوو زانای بواری ناوکی ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل تا تیرۆریان بکات.

گروپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەستگیرکردنی جەلالیان سەرکۆنەکردووە و دەڵێن ئەمە بەشێکە لە کارێکی بەردەوامی ئێران بۆ گرتنی ئەوانەی کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن بۆ سەردانکردن ئەم ئێران دەگەڕێنەوە.

ئەو رێکخراوانە دەڵێن دادگاییەکانی ئێران زۆرجار ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییەکی بێ لایەنی بەسەردا جێبەجێ نابێت. ئێران دان بە ناسنامەی دەرەکی هاوڵاتیانیدا نانێت و وەکو ئێرانی دادگاییان دەکات.

ڕاگەیاندنەکە لەکاتێکدا دێت کە لە ستۆکهۆڵی پایتەختی سوید دادگایکردنی هاوڵاتییەکی ئێرانی بەناوی حەمید نوری لە قۆناغەکانی کۆتایدایە. نوری، کە لە ساڵی 2019 ەوە لە سوید دەستگیراوە، تۆمەتبارە بە هەبوونی رۆڵ لە کوشتنی زیندانییە سیاسییەکانی بەندینخانەی گۆهاردەشت لە قۆناغەکانی کۆتایی شەری ئێران و عێراق لە 1988.

رۆژی چوارشەممە، دوا رۆژی دادگایکردنی نوری بوو. دادوەرێکی ستۆکهۆڵم 14 ی تەمووزی وەکو رۆژی بڕیاردان لەسەر کەیسەکە دیاریکرد.

لە راپۆرتێکدا ساڵی 2018، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئامنستی ئینتەرناشناڵ) گوتی لە بەندیخانەی گۆهاردەشتدا لانیکەم پێنج هەزار زیندانی سیاسی لە سێدارە دراون.

XS
SM
MD
LG