Accessibility links

ئەحمەدڕەزا جەلالی هاووڵاتی سویدی لە ژێر مەترسی لەسێدارەداندایە لە ئێران


هاووڵاتییەکی سویدی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە ئێران سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە، بە پێی ئاژانسی دەنگوباسی ئیسنای ئێرانی بڕیارە لەم مانگەدا سزاکەی جێبەجێ بکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دادگاییکردنی بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی گومانلێکراو بە تاوانی جەنگ لە سوید کۆتاییپێهات.

ئەحمەدڕەزا جەلالی، دکتۆر و توێژەر، ساڵی 2016 لە دەمی سەردانێکی ئەکادمیدا بۆ ئێران دەستگیرکرا بە پێی ئاژانسی نیمچە فەرمی ئێران ئەو لە 21 ی مانگی پێنج لەسێدارە دەدرێت.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەزگای دادوەری ئێران لەم بارەیەوە لێدوانی نەداوە. ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد دەڵێت وەزارەتی دەرەوەی سویدیش دەستبەجێ وەڵامی پرسیارەکانیان لەو بارەیەوە نەداوەتەوە، بەڵام لە ڕابردوودا وڵاتی سوید سزای مەرگی جەلالیان شەرمەزار کردووە.

ئەم ڕاگەیاندنە ماوەیەکی کورت بەر لە کۆتاییهاتن بە دادگاییەکەی حەمید نوری بوو، کە داواکارێکی گشتی پێشووی ئێرانییەو لە ساڵی 2019 لەلایەن کاربەدەستانی سویدی دەستگیر کرا. ئەگەر تاوانەکانی نوری بەسەریدا ساغ ببنەوە ئەوا دەشێت ڕووبەڕووی سزای زیندانی هەتا هەتایی ببێتەوە. حەمید نوری کە بە حەمید عەباسی ناسراوە و تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە کوشتنکارییەکدا کە 33 ساڵ لەمەوبەر لە زیندانێکی ئێران ئەنجام دراوە.

بەپێی بڕیاری تومەتبارکردنەکە کە لە دادگا خوێنرایەوە، حەمید نوری لە کاتی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی گۆهەردشت لە کەرەج لە ساڵی 1988 دا،جێگری دادوەر و یاریدەدەری جێگری داواکاری گشتی ئەو کاتە، واتە محەمەد مۆقیسە بووە.

نوری تۆمەتبارە بە کوشتن و لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە کە ئەندامی ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەک موجاهیدینی خەلق، فەدائیانی خەلق، حیزبی توودە و چەند حزبی سیاسی تر بوون.

XS
SM
MD
LG