Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت ئابڵوقە بخاتە سەر کەرتی نەوتی ڕووسیا


هێزەکانی ڕووسیا هێرشی مووشەکی دەکەنە سەر وێستگەی ئازۆڤستاڵی بەرهەمهێنانی پۆڵا لە ماریوپۆڵ، ئەو جێگایەی کە بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند هێشتا 200 هاوڵاتی تێیدا گیریان خواردووە.

هێرشی ڕووسیا بۆ گرتنی ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا لە دوای شکستهێنان لە گرتنی کیێڤ لەگەڵ پابەندبوون و بەلێنی هێزە ڕۆژئاواییەکان بۆ دابینکردنی چەکی قورستر بۆ ئۆکرانیا ڕووبەڕوو بووەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی سێشەممە کۆمیسیۆنی ئەوروپا قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ڕووسیا وەک هەوڵێک بۆ فشار خستنەسەر مۆسکۆ ڕابگەیەنێت.

کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕەچاوی پاکێجێکی یارمەتییە سەربازییەکان بە بڕی 33 ملیار دۆلار دەکات و بەریتانیاش ئەم هەفتەیە بەڵێنی داوە 375 ملیۆن دۆلاری زیاتر وەک یارمەتی بەرگری ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن.

ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە رۆیتەرز بڵاو بوونەتەوە دەریدەخەن ڕۆژی دووشەممە لە دەوروبەری ماریۆپۆل کە لە لایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە، چەند مووشەکێکی رووسی بەرەو کارگەکە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە هەڵدراون.

هێرشەکەی ئەم دواییەی ڕووسیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە لە دوای ئاگربەستێکەوە دێت کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان هاتبووە ئاراوە بۆ رزگارکردنی ئەوانەی لە ناو کارگەکەدا گیریانخواردووە و هیشتاش دیار نییە ئایا هێرشەکە ڕێگرە لە چۆڵکردن و دەربازکردنی خەڵکەکە یان نا.

ماریوپۆل ئامانجێکی سەرەکییە بۆ ڕووسیا و دەیەوێت لەو رێگایەوە ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش داببڕێت، هەروەها خاکی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە رێگای ماریوپۆلەوە بە یەکەوە ببەستێتەوە.

بۆردومانەکانی ڕووسیا لەوتای 24ی مانگی2وەوە بووەتە هۆی وێرانبوونی شارەکانی ئۆکرانیا و گیان لەدەستدانی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارە بوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن خەڵکی ئەو وڵاتە.

بڕیارە لە برۆکسل کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە شەشەمین پاکێجی پێشنیارکراوی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا لە دژی ڕووسیا ڕابگەیەنێت، لەوانەش ئەگەری قەدەغەکردنی کڕینی نەوتی ڕووسیا، هەروەها ئەڵمانیاش لە گۆڕانێکی بەرچاودا ڕایگەیاندوە ئامادەیە پشتیوانی لەو سزایە بۆ سەر نەوتی ڕووسیا بکات.

کیێڤ دەڵێت کڕینی وزە لە رووسیا بە مانای ئەوە دێت کە وڵاتانی ئەوروپایی یارمەتی کرێملن دەدەن بەردەوام بن لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا و ڕۆژانە سەدان ملیۆن یۆرۆ ڕەوانەی مۆسکۆ دەکەن.

زێلێنسکی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا گوتی "پێویستە ئەم پاکێجەی سزاکان هەنگاوی ڕوون بگرێتە بەر بۆ ڕێگرتن لە داهاتی ڕووسیا لە رێگای سەرچاوەکانی وزە".

بڕیار وایە باڵیۆزەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی ئەو سزا پێشنیارکراوانە بکەن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG