Accessibility links

کێ نەوتی خاوی ڕووسیا دەکڕێت و کێ چیتر نایکڕێت


لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کۆمەڵێک وڵاتی جیهان چیتر نەوتی ڕووسی ناکڕن، بەڵام هەندێکیان هێشتا بەردەوامن لە کڕینی نەوتەکە.

ئوستڕاڵیا و بەڕیتانیا و کەنەدا و ئەمەریکا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسییان قەدەغە کردووە، بەڵام 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسی ڕێکبکەون.

یەکێتی ئەوروپا ئارەزووی ئەوە دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بەتەواوەتی قەدەغە بکات، ئەوەش وەکو بەشێک لەو سزا نوێیانەی کە یەکێتیەکە ئامادەی کردوون بۆ سەپاندنیان بەسەر ڕووسیادا.

ئەڵمانیا دەڵێت دەتوانێت تاوەکو کۆتایی ساڵ پشتیوانی لە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە قەدەغەکردنەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سوتەمەنی لە ئەڵمانیادا.

لەلایەکی دیکەوە هێشتا هەنگاریا دژایەتی قەدەغەکردنی هاوردەکردنی گاز و نەوتی ڕووسیا دەکات لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.

بەڵام زۆرێک لە پاڵاوگەکان لە ئەوروپا خۆبەخشانە چیتر نەوتی خاوی ڕووسی ناکڕن، یاخود بەڵێنیانداوە کاتێک گرێبەستە درێژخایەنەکانیان بەسەردەچێت، چیتر گرێبەستەکان درێژ نەکەنەوە.

ئەنجومەنە بازرگانییە سەرەکییەکانی جیهانیش پلانییان هەیە لە 15 ی مانگی پێنجەوە کڕینی نەوتی خاو و بەنزینی ڕووسی کەم بکەنەوە.

بەهۆی ئەمانەوە، پێشبینی دەکرێت تاوەکو مانگی پێنج هەناردەی دیزڵی ڕووسی لە بەندەری پریمۆرسکی باڵتیکەوە بۆ زیاتر لە سەدا 30 کەم بکات. بەندەری پریمۆرسک بەندەرێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت و گازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا.

چین و ڕووسیا ڕەتیان کردۆتەوە سەرکۆنەی کارەکانی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا و بەردەوامن لە کڕینی نەوتی خاوی ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG