Accessibility links

ئەڵمانیا پشتیوانی لە قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکات


ئەڵمانیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئامادەیە پشتیوانی لە سەپاندنی سزای دەستبەجێی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر کەرتی نەوتی ڕووسیا بکات. ئەمەش گۆڕانێکی بەرچاوە لە لایەن گەورەترین کڕیاری وزەی رووسیاوە و ڕێگە بۆ ئەوروپا خۆشدەکات سزا بەسەر کەرتی وزەی مۆسکۆدا بسەپێنێت.

سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ڕووسیا کە بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە بەسەریدا سەپێندراون، بە زۆری تاکو ئێستا هەناردەی وزەی ڕووسیا کە گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو وڵاتەیە، نەکراوەتە ئامانج. کیێڤ دەڵێت کڕینی وزە لە رووسیا بە مانای ئەوەیە کە وڵاتانی ئەوروپایی یارمەتی کرێملن دەدەن بەردەوام بێت لە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا و ڕۆژانە سەدان ملیۆن یۆرۆ ڕەوانەی مۆسکۆ دەکەن.

سەرۆکی حکومەتی ئەڵمانیا، ئۆلاف شوڵز، کە لە پشتگیریکردنی ئۆکرانیا بە وریاییەوە هەنگاوی هەڵگرتووە لە نێوخۆی وڵاتەکەی لە ژێر فشارێکی زۆردایە بۆ وەرگرتنی هەوڵوێستێکی توندتر.

ڕۆبێرت هابێک وەزیری ئابووری ئەڵمانیا پێش ئەوەی لەگەڵ هاوتاکانی لە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل قسە بکات بە پەیامنێرانی گوت "ئەڵمانیا دژی قەدەغەکردنی نەوتی ڕووسیا نییە، بە دڵنیاییەوە بارێکی قورسە بۆ ئێمە، بەڵام ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە."

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا ڕۆژی پێشتر لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە ئێستا هاوردەی نەوتی ئەڵمانیا 12%و ئەم رێژەیەش بە بەراورد بە پێشووتر کە 35% بووە، دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

هەروەها هاوردەکردنی خەڵوزی ئەڵمانیا لە ڕووسیاوە بە بەراورد بە پێشتر 8% دابەزیوە.

پشتبەستن بە گازی ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو هێشتا بەردەوامە، هەرچەندە گەورەترین ئابووری ئەوروپا بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ڕووسیای بۆ 35% دابەزاندوە، ئەمەش بە بەراورد بە پێشووتر کە 55% بووە.

حکومەتی ئەڵمانیا لە مانگی 3دا پلانەکانی بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت لە رووسیاوە ڕاگەیاند و بە پێی ئەو پلانە بڕیارە تا مانگی 6 هاوردەکردنی نەوت بگەیەنێتە نیوە و تا وەرزی پایزیش کۆتایی بە هاوردەکردنی خەڵوز بهێنێت.

پێشبینی دەکرێت ئەڵمانیا بتوانێت تا ناوەڕاستی ساڵی 2024 بە شێوەیەکی بەرچاوە پشتبەستنی خۆی بە گازی ڕووسیا کەم بکاتەوە.

لەوەتەی رووسیا هێرشی کردۆتە سەر ئۆکرانیا، ئەڵمانیا لە هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەیەکدایە بۆ دابینکردنی وەزی پێویست بۆ وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG