ڕووسیا ناتۆی بەوە تۆمەتبارکرد کە لەشەڕێکی بە وەکالەتدا تێوەگلاوە و ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی ڕژدی جەنگی ناوەکی. ئەمە لەکاتێکدایە، واشنتۆن رۆژی سێشەممە لە بنکەیەکی ئاسمانی ئەڵمانیاوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا کۆبووەوە و بەڵێنی دابینکردنی چەکی قورسیان بۆ بە ئۆکرانیادا بۆ ئەوەی سەربکەوێت.
لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی وڵاتەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، گوتی جەنگی ئەتۆم "مەترسییەکی جدییە. نابێت بە کەم سەیری بکەین."
لەگەڵ ناچارکردنی ڕووسیا بە کشانەوەی سەربازەکانی لە کیێڤ و هەوڵی پێشڕەوی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن پێشوازی لە بەرپرسانی زیاتر لە 40 وڵات کرد لە ڕامشتاین کە بارەگای هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە لە ئەوروپا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە بەڕێوەبەرایەتی بایدندا یاسای دۆخی ناکاوی بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی بە بەهای 165 ملیۆن دۆلار چەک و تەقەمەنی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا تا یارمەتی ئەو وڵاتە بدات بەرگری لە خۆی بکات.
سەرۆکی مۆلدۆڤا کۆبوونەوەیەکی ئاسایشی بەپەلەی ئەنجامدا دوابەدوای ئەنجامدانی دوو تەقینەوە کە زیانی بە ئەنتێنەکانی ڕادیۆی سەردەمی سۆڤیەتی جاران گەیاندوە لە ناوچەی ترانسدینیستریای جیابووەوە، کە دەسەڵاتداران دەڵێن یەکەیەکی سەربازیش کراوەتە ئامانج.
دەسەڵاتدارانی مۆلدۆڤا لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن سەبارەت بە هەر نیشانەیەک لە زیادبوونی گرژییەکان بە پانتایی ڕووبەری ئەو ناوچەیەی کە دانی پێدا نەنراوە بەڵام لەلایەن مۆسکۆوە پشتیوانی دەکرێت و کەوتۆتە سنوری باشووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوە.
نووسینگەی داواکاری گشتی ئۆکرانیا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە سێ فڕۆکەوانی ڕووسی گومانیان لەسەرە کە بۆردومانی بینا مەدەنیەکانیان کردبێت لە ناوچەکانی خارکیڤ و سومی کە لە نێوان ئەو حەوت سەربازە ڕووسیەدا بوون کە کیێڤ تومەتباریان دەکات بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا.
گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، پنتاگۆن، رۆژی سێشەممە گوتەکانی لاڤرۆڤ بە "زیادکردنی" گرژییەکان لێکدایەوە و گوتی هیچ گۆڕانێک لە سیاسەتی ئەمەریکادا لەو بارەیەوە رووینەداوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز