وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی زیادبوونی مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی ناوەکی لەسەر ئۆکرانیا بە کەم مەزانن، وتیشی پێی وایە هاوپەیمانێتی ناتۆ " لە ناوەڕۆکدا " لەڕێی ناردنی چەکەوە بۆ ئۆکرانیا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە جەنگدایە لەگەڵ ڕووسیادا.
لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە کەناڵی دەوڵەتی ڕووسیا پەخشکرا وتی ناوەڕۆکی هەر ڕێکەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان لە ئۆکرانیادا بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بە ڕەوشی سەربازییەوە لەو وڵاتەدا.
لاڤرۆڤ پرسیاری لێکرا سەبارەت بە گرنگیی خۆبەدوورگرتن لە جەنگی جیهانی سێیەم و ئەوەشی کە ئایا بارودۆخەکەی ئێستا بەراورد دەکرێت بە قەیرانەکانی موشەکی کوبا لە ساڵی 1962 دا کە لەو کاتەدا پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی سۆڤییەت و ئەمەریکا لە نزمترین ئاستدا بوو.
لاڤرۆڤ لە وەڵامدا وتی ڕووسیا کارێکی زۆر دەکات تاوەکو بە هەر نرخێک بێت ڕێگە لە هەڵگیرسانی جەنگی ناوەکی بگرێت.
وتی " ئەمە هەڵوێستی سەرەکیمانە و هەرچییەک کە دەیکەین لەم هەڵوێستەوە سەرچاوە دەگرێت. ئێستا مەترسییەکان زۆرن."
وتیشی " من نامەوێت دەستکردانە ئەو مەترسییانە زیاد بکەم، زۆرێک دەیانەوێت بەوشێوەیە زیادی بکەن. مەترسییەکە جددییە و نابێت بە کەمی بزانین."
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، شار و شارۆچکەکانی خاپوور کردووە و زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا ناچار کردووە وڵاتەکەیان جێبهێڵن.
لاڤرۆڤ داکۆکی لە کارەکانی ڕووسیا کرد لە ئۆکرانیا و بەرپرسیارێتی نەبوونی گفتوگۆی خستە سەر شانی ئەمەریکا.
لاڤرۆڤ وتی " ئەمەریکا بە کرداریی سەرجەم پەیوەندییەکانی ڕاگرتووە، تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە ناچار بووین بەرگری لە ڕووسییەکان بکەین لە ئۆکرانیا."
بەڵام وتی ناردنی چەکی پێشکەوتوو لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا، لەوانەش موشەکی جاڤیڵینی دژە تانک و ئوتومبێلی زریپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو، هەموو ئەمانە ڕێوشوێنی وروژێنەرن کە دەبنە هۆی زیادبوونی ململانێکان نەوەک کۆتایی هێنان پێیان.
لاڤرۆڤ وتی " ئەم چەکانە ئامانجی ڕەوای سوپای ڕووسیا دەبن کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەدا کاردەکەن."
وتی " کۆگاکانی هەڵگرتنی ئەو چەکانە لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کراونەتە ئامانج. ئەی چی بکەین؟ ناتۆ لە ناوەڕۆکدا لەڕێی ڕەوانەکردنی چەکەوە بۆ بریکارەکەی لە جەنگدایە لەگەڵ مۆسکۆدا. جەنگ واتا جەنگ."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز