Accessibility links

ڕووسیا هۆشداری دەداتە ئەمەریکا لەسەر ڕەوانەکردنی چەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا


باڵیۆزی ڕووسیا لە واشنتن وتی ڕووسیا بە ئەمەریکای وتووە چیتر چەک نەنێرێت بۆ ئۆکرانیا، هۆشداریداوە لەسەر ئەوەی زیادبوونی ڕەوانەکردنی چەک لەلایەن ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا ململانێکانی زیاتر کردووە و دەبێتە هۆی کەوتنەوەی زیانی زیاتر.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا کە لە 24 ی مانگی دوودا دەستیپێکرد، بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و ملیۆنان هاوڵاتی ئۆکرانیش ئاوارە بوون.

ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە هێزە سەربازییەکانی خۆی یاخود هێزەکانی ناتۆ ڕەوانەی ئۆکرانیا بکات، بەڵام واشنتن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان چەکییان داوە بە ئۆکرانیا، لەو چەکانەش فڕۆکە بێفڕۆکەوان و تۆپهاوێژی هاویتزەر و موشەکی ستینگەری دژە فڕۆکە و موشەکی دژە تانکی جاڤیڵینیان تێدا بووە.

باڵیۆزی ڕووسیا لە ئەمەریکا ئەناتۆڵی ئانتۆنۆڤ وتی ئامانج لە ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە چەکانە لاوازکردنی ڕووسیایە، بەڵام ململانێکانی ناو ئۆکرانیایان زیاتر کردووە و هەوڵەکانیش بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی دەخەنە مەترسییەوە.

ئانتۆنۆڤ بە کەناڵ 24 ی ڕووسیای وت " ئەمەریکییەکان نەوت دەکەن بە گڕی ئاگرەکەدا، تەنها زیادکردنی گرژییەکان دەبینم، خراپترکردنی ڕەوشەکە، کەوتنەوەی زیانی زیاتر."

وتیشی تێبینییەکی فەڕمی ڕەوانەی ئەمەریکا کراوە و نیگەرانییەکانی ڕووسیای تیادا باس کراوە. وتیشی تاوەکو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە.

ئانتۆنۆڤ وتی " جەختمان لەوە کردۆتەوە ئەم حاڵەتە جێی قبوڵکردن نیە کە ئەمەریکا چەک دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا، هەروەها داوامان کردووە کۆتایی بەم کارە بهێنن."

ڕۆژی یەکشەممە هەریەک لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن سەردانی کیێڤیان کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبوونەوە.

ئۆستن و بلینکن بە زێلێنسکییان وت ئەمەریکا 322 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازییەوە دابین دەکات. بەرپرسێکی ئەمەریکا وتی بەم یارمەتیە نوێیەوە تاوەکو ئێستا و لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئەمەریکا نزیکەی 3.7 ملیار دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لەڕووی سەربازییەوە خەرج کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن 800 ملیۆن دۆلاری دیکەی بۆ یارمەتیدانی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، وتیشی داوای پارەی زیاتر لە کۆنگرێس دەکات تاوەکو پشتیوانییەکان بۆ سوپای ئۆکرانیا زیاتر ببن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG