دوای تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی پیونگ یانگ، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری ناوکی کۆریای باکوور ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەر"ڕێڕەوێکی دیپلۆماسی."
کۆریای باکوور خەریکی پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی مەودا کورتە، کە شیکەرەوەکان دەڵێن بۆ بەرگری مووشەکی و لێدانی ئامانجەکانی کۆریای باشوور دروستکراون.
لە سەرەتای ساڵی 2017، دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمەریکا هەڵیسەنگاند کە کۆریای باکوور توانیویەتی چەکە ناوکییەکانی خۆی بچووک بکاتەوە.
کیم جۆنگ ئون لە مانگی 1ی ساڵی 2021 دا گوتی وڵاتەکەی توانیویەتی چەکی ناوکی بچووک بکاتەوە و بیانگۆڕێت بۆ چەکی سووک و ستاندارد و بیانکاتە چەکی تاکتیکی.
سونگ کیم نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ناوکی ڕۆژی دووشەممە گەیشتوەتە سیئۆل و لەگەڵ هاوتاکەی لە کۆریای باشوور سەبارەت بە وەڵامەکان بۆ هەڵدانە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی کۆریای باکوور گفتوگۆیان کردووە. بڕیاریشە گەشتەکەی نێردەی ئەمەریکا بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژەی هەبێت.
دوای گفتوگۆکان، هەردوو نێردراوەکەی کۆریای باشوور و ئەمەریکا بە هاوبەشی سەرکۆنەی چالاکییە پەرەسەندوەکانی ناوکی کۆریای باکووریان کرد، بەتایبەت هەڵدانەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە کە بە لایەنی کەمەوە سێ موشەکی بالستیکی کیشوەربڕ (ICBMs) بوون.
کیم دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوتاکەی بە پەیامنێرانی گوت "ئێمە هاوڕابووین لەسەر پێویستی وەڵامێکی بەهێز بۆ ڕەفتارە ناسەقامگیرەکانی کۆریای باکوور."
نێردەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردووە کە واشنتن بە بەبێ مەرجی پێشوەخت ئامادەی گفتوگۆیە و دەرگای دیپلۆماسی ئەمەریکا کراوەیە، بەڵام پیونگ یانگ ماوەیەک پێش ئێستا پێشنیاری گفتوگۆکانی ڕەتکردبووە و ئەمەریکای تاوانبار کردبوو بە سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی وڵاتەکەی.
کیم گوتی "جارێکی تر داوا لە پیونگ یانگ دەکەم کە ڕێگای دیپلۆماسی لەگەڵ ئێمەدا بگەرێتە بەر." گوتیشی "دەمەوێت ئەوە بۆ بەرپرسانی کۆریای باکوور ڕوون بکەمەوە کە ئێمە هیچ نیازێکی دوژمنانەمان بەرامبەر بەو وڵاتە نییە."
گەشتەکەی کیم لە کاتێکدایە کە هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا ڕاهێنانی سەربازی ساڵانەی بەهارییان بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ دەستپێکردوە و هەر ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونێکی زۆری بەرپرسانی کۆریای باکوور و دەڵێن ئەمە ڕاهێنانی سەربازییە بۆ شەڕ.
کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور پێشتر ڕایگەیاندبوو چیتر پابەند نابێت بە وەستاندنی تاقیکردنەوەکان، کە بریتی بوون لە ڕاگرتنی تاقیکردنەوەی چەکی ناوکی کە لە ساڵی 2018دا، لە کاتی هەوڵە دیپلوماسییەکاندا و کۆبونەوەی لوتکەیی لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا ڕایگەیاند بوو.
دەسەڵاتدارانی کۆریای باکوور ڕایانگەیاندووە کە دەشێت تاقیکردنەوەکانیان دەستپێبکەنەوە چونکە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هیچ نیشانەیەکیان بۆ بەلاوەخستنی 'سیاسەتە نەیارەکانیان' پیشان نەداوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس