Accessibility links

تاقیکردنەوەی چەکی نوێی کۆریای باکور بە ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتەکە بەڕێوەدەچێت


میدیا فەرمییەکانی کۆریای باکوور تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی سیستمی چەکی نوێیان بە ئامادەبوونی سەرۆک کیم جۆنگ ئون ڕاگەیاند.

ڕاپۆرتەکان سەبارەت بەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆریای باشوور و ئەمەریکا دوای ئەوەی کیم لە مانگی ڕابردوو بە تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیکی کیشوەربڕ بەڵێنەکانی بۆ ڕاگرتنی تاقیکردنەوەکان شکاند، ڕایانگەیاندوە لەوانەیە کۆریای باکوور بەم زووانە تاقیکردنەوە ناوکییەکانی دەستپێبکاتەوە.

سوپای کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند دوو تاقیکردنەوە کە لە ڕۆژی شەممەوە لە کەناەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باکوورەوە بەرەو دەریا هەڵدراون، دەستنیشان کراون. هەڵدانەکان نزیکەی 110 کیلۆمەتریان لە بەرزایی 25 کیلۆمەترییەوە بڕیوە، کە پیشاندەری ئەوەیە مووشەکەکان، مووشەکی مەودا کورت بوون.

لە هەواڵەکاندا هیچ وردەکارییەک سەبارەت بە هەڵدانەکە نەخراوەتە ڕوو، بەڵام ڕاپۆرتەکان دەڵێن هەڵدانەکە بە ئامانجە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە تاقیکراوەتەوە.

بە پێی هەواڵەکان لەو تاقیکردنەەیەدا کیم جۆنگ ئون هەروەها فەرمانەکانی بۆ بەهێزکردنی هێزی جەنگی ناوکی دەرکردوە.

کۆریای باکوور خەریکی پەرەپێدانە بە مووشەکی بالیستیکی مەودای کورت، کە شیکەرەوەکان دەڵێن بۆ بەرگری مووشەکی و لێدانی ئامانجەکانە لە کۆریای باشوور دروستکراون.

لە ڕۆژی 5 ی مانگی 4دا کیم یۆ جۆنگ خوشکی سەرکردە کیم لە هۆشدارییەکدا کە مەبەستی سەرۆکی کۆریای باشور بوو گوتی کۆریای باکوور دژی جەنگە بەڵام ئەگەر بێتۆ شەڕ ڕووبدات ئەوا چەکی ئەتۆمی بۆ لێدانی کۆریای باشوور بەکار دەهێنێت.

لە سەرەتای ساڵی 2017، دەزگای هەواڵگری بەرگری ئەمەریکا هەڵیسەنگاند کە کۆریای باکوور توانیویەتی چەکە ناوکییەکانی خۆی بچووک بکاتەوە.

کیم جۆنگ ئون لە مانگی 1ی ساڵی 2021 دا گوتی وڵاتەکەی توانیویەتی چەکی ناوکی بچووک بکاتەوە و بیانگۆڕێت بۆ چەکی سووک و ستاندارد و بیانکاتە چەکی تاکتیکی.

سەرۆکی ستوونە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور گوتی بڕیارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆریای باشوور لە ڕۆژی دووشەممەوە ڕاهێنانی سەربازی ساڵانەی بەهاری بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ دەستپێبکەن.

هەروەها سونگ کیم نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ناوکی ڕۆژی دووشەممە سەردانی سیئۆل دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوتاکەی لە کۆریای باشوور سەبارەت بە وەڵامەکان بۆ هەڵدانە مووشەکییەکانی ئەم دواییەی کۆریای باکوور.

نێردەی ئەمەریکا ڕایگەیاندوە کە واشنتۆن بە بەبێ مەرجی پێشوەخت ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام پیونگ یانگ پێشنیاری گفتوگۆکانی ڕەتکردەوە، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تاوانبار کرد بە سیاسەتی دوژمنکارانە لە دژی وڵاتەکەی.

XS
SM
MD
LG