Accessibility links

مۆسکۆ ڕۆشتنی سەرۆک وەزیران، وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ڕێگەی چوون بۆ وڵاتەکەی لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆرس جۆنسن، وەزیری دەرەوە لیز ترەس، وەزیری بەرگری بێن واڵس و 10 سیاسەتمەدار و ئەندامی تری حکومەتی بەریتانیا گرتووە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند ئەم هەنگاوە بەهۆی " کرداری دوژمنکارانەی بێپێشینەی حکومەتی بەریتانیایە بەتایبەتی لەسە هەڵوێستەکانی سزاکانی دژ بە کاربەدەستە باڵاکانی ڕووسیا" و وەزارەتەکە دەشڵێت لە ماوەی داهاتوودا لیستی ئەو ناوانە زیاتریش دەکات.

جۆنسن کە یەکێکە لە پشتیوانە هەرە بەهێزەکانی ئۆکرانیا لە لایەن کرێملنەوە بە " چالاکترین بەشداربوو لە پێشبڕکێی دژایەتی کردنی ڕووسیا" دادەنێت.

هەفتەی ڕابردوو جۆنسن سەردانی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیای کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵینسکی ستایشی یەکتریان کرد بۆ هاوکارییەکانیان لەو کاتەوەی داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستیپێکردووە کە مۆسکۆ بە " ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت" ناودێری دەکات.

گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا لە وەڵامی بڕیارەکەی مۆسکۆ بۆ قەدەغەکردنی جۆنسن و سیاسەتمەدارانی تری بەریتانیا لە چوونە ناو وڵاتەکەوە گوتی " بەریتانیا و هاوبەشەکانی تری جیهانی یەکگرتوون لە سەرزنشتکردنی کردارە شەرمەزارییەکانی حکومەتی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و داوا لە کرێملن دەکەن شەڕەکە ڕاگرێت."

ئەو گوتەبێژە گوتیشی " ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی خۆمان لە ئۆکرانیا."

XS
SM
MD
LG