سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە دەنگێکی زۆری تەقینەوە لە کیێڤ و شاری لڤیڤ لە ڕۆژئاوای ئۆکرانیا دەبیستران و سەرۆکی شارەوانی پایتەختی ئۆکرانیا گوتی تیمەکانی بەهاناچوون و تیمی تەندروستی گەیشتنە شوێنی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری شارەکە.
دەستبەجێ هیچ ڕاپۆرتێک لەسەر زیانی گیانی ڕانەگەیەندراوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکی گوتی نزیکەی 2 هەزار و 500 بۆ 3 هەزار سەربازی ئۆکرانی لە ماوەی حەوت حەفتەی شەڕیاندا دژ بە ڕووسیا کوژراون و نزیکەی 10 هەزاریشیان بریندار بوون، بەڵام هەتا ئێستا ئامارێکی تەواوی زیانەگیانییەکانی خەڵکی سیڤیل لەبەردەستدا نییە.
لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی CNN زێڵێنسکی ڕۆژی هەینی گوتی 19 بۆ 20 هەزار سەربازی ڕووسیایی لەم شەڕەدا کوژراون. لە مانگی ڕابردوو مۆسکۆ ڕایگەیاند 1،351 سەربازی ڕووسیایی کوژراون و 3،825 یش بریندار بوون.
ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە ژمارەکانی هەردوولا لە سەرچاوەیەکی بێلایەنەوە پشتڕاست بکاتەوە.
ڕۆژی هینی ڕووسیا هەڕەشەی هێرش زیاتری کردبۆ سەر کیێڤ و مووشەکی کروزی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی کارگەی ڤیزار لە کەناری کیێڤ کە دەڵێن لەوێ مووشەکەکان چاکدەکرێنەوە لەوانەدا مووشەکی دژە کەشتیش.
ئەم هێرشەش پاش نوقمبوونی کەشتی مۆسکڤای ڕووسیایی بوو لە دەریای ڕەش.
ئۆکرانیا وتی بە موشەکی نیپتۆنی دژە کەشتی لە کەشتی جەنگی مۆسکڤای ڕووسییان داوە. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی کەشتیەکە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت، دوای ئەوەی ئاگرێکی تێدا کەوتۆتەوە و تەقینەوە ڕوویداوە، نقومبووە.
وەزارەتەکە وتی زیاتر لە 500 کەس لەسەر کەشتییەکە گواستراونەتەوە، بەڵام دانی بە هێرشەکەدا نەنا.
لەدەستدانی کەشتییەکە لەکاتێکدایە هێزی دەریایی ڕووسیا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی شارەکانی ئۆکرانیا لەسەر دەریای ڕەش.