پاش ڕۆژێک لە ڕووداوێکی تەقەکردن لە وێستگەی میترۆی برۆکلین لە شاری نیۆرک، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە هێرشبەرەکە دەستگیرکرا، کە لە ڕووداوەکەدا 13 کەس بریندار بوون.
فرانک ئاڕ جەیمس تەمەن 62 ساڵ لە گەڕەکی مانهاتن ئیست ڤیڵیج دەستبەسەرکرا، بەرپرسانی پۆلیس کە دەسەڵاتیان پێنەدراوە وردەکاری لێکۆڵینەوەکە ئاشکرا بکەن بەو مەرجەی ناویان نەهێنرێت بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس قسەیان کرد.
بەرپرسێک گوتی پۆلیس جەیمسی دەستگیرکردووە دوای ئەوەی زانیاریان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە ئەگەری زانینی شوێنەکەی.
پارێزگار کاسی هۆکۆڵ دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە لە کاتی قسەکردن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا. بەڵام دەستبەجێ هیچ وردەکاریەکی زیاتر نەخستەڕوو.
پۆلیس هەر لە سەرەتاوە ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بە دوای جەیمس دا دەگەڕێن، چونکە ئەو بارهەڵگرێکی بە کرێ گرتووە کە پەیوەندی بە هێرشەکەوە هەیە، بەڵام دڵنیا نەبوون کە ئایا ئەو بەرپرسیارە لە تەقەکردنەکە یان نا.
سەرۆکی شارەوانی ئیریک ئادەمس لە زنجیرە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا سەر لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە گوتی لێکۆڵەرەوەکان جەیمسیان وەک تۆمەتبار ناساندووە، بەڵام هیچ وردەکاریەکیان لەو بارەیەوە باس نەکرد جگە لەو زانیاریە نوێیانەی کە لەبەردەستی تیمەکە دایە.
شایەنی باسە سەرچاوە ئاسایشییەکان ڕایانگەیاند، سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە برۆکلین لە شاری نیویۆرک 13 کەس بریندار بوون.
وتەبێژی بەشی فریاکەوتنی شاری نیویۆرک ڕایگەیاندبوو، کارمەندانی فریاگوزاری دەستبەجێ ئاگادارکراونەتەوە کە دووکەڵ لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە شەقامی 36 لە گەڕەکی سەنسێت پارک بەرزبۆتەوە، چەند کەسێکیان دۆزیوەتەوە کە تەقەیان لێکراوە. بەشی فریاگوزاری دەڵێت 13 کەس برینداربوون، بەڵام هیچ وردەکارییەکیان لە بارەی بریندارەکانەوە نەداوە.
سەرچاوە: ئەسۆشیەتد پرێس