Accessibility links

زێلێنسکی داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات مامەڵە لەگەڵ بانکەکانی ڕووسیادا نەکەن و کۆتایی بە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بهێننن


ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد کە مامەڵە لەگەڵ هەموو بانکەکانی ڕووسیا نەکەن و هاوردەی نەوتی ڕووسیا ڕاگرن، ئەمەش هاوکاتی نوێترین داواکاریی ڕۆژی سێشەممەی زێلینسکی بوو لە پێناو کۆتایهێنان بە هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا.

زێلێنسکی لەڕێی لێدوانێکی ڤیدیۆییەوە بۆ یاسادانەران لە لیتوانیا قسەی دەکرد و ڕایگەیاند ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام بن لە بازرگانیکردن لەگەڵ ڕووسیادا، ئیتر سەرکردەکانی ڕووسیا "دەزانن سزا نادرێن."

وەک زێلینسکی ئاماژەی پێدا هەرچەند ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا چەند گورزێکی سزایان دەرکردووە کە کاربەدەستان و کۆمپانیاکانی ڕووسیایان کردۆتە ئامانج، بەڵام دەمودەست خۆیان لە بڕینی هاوردەی گاز و نەوتی ڕووسیا دوورخستۆتەوە. هەندێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی کە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئابووریان دروستدەکات بەهۆی پشت بەستنیان بە هاوردەکردنی وزەی ڕووسیاوە.

ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی ڕووسیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند " بێگومان ئەستەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا بتوانرێت هیچ کەسێک کەنارگیر بکرێت، بەتایبەتی وڵاتێکی گەورەی وەک ڕووسیا" ئەو ئیدعای خۆی دووپات کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت" ی ڕووسیا بە ئامانجی پاراستنی خەڵکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و زامنکردنی ئاسایشی ڕووسیایە" و ئەوەشی ڕاگەیاند کە ڕووسیا "هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نەبوو" و ئامانجەکانی خۆی بەدەستدەهێنێت.

ئۆکرانیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ڕووسیا لە هەوڵی ئەوەدان کۆنتڕۆڵی شارە کەناراوییەکەی باشوور بکەن ماریوپۆل کە گەمارۆ دراوە، لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەی دۆنتسک لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەم هەڵسەنگاندنە لەو کاتەدا بوو کە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکرێت شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا چڕبێتەوە، لە کاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە بەهێزکردن و سەنگ خستنە سەر ئەو ناوچانە" وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا هێزی زیاتر لە بێلارووسی دراوسێ دەکشێنێتەوە و دووبارە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا جێگیریان دەکاتەوە.

بەپێی ئاژانسە هەواڵییەکانی هەردوو وڵات، بڕیارە ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا پوتن و سەرۆکی بێلارووس ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا.

ڤادیم بۆشێنکۆ سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆل بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ڕاگەیاند کە زیاتر لە 10 هەزار هاوڵاتی کوژراون لەوەتەی ڕووسیا گەمارۆی شارەکەی داوە و گوتیشی دەکرێت ژمارەی ڕاستەقینە دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە بێت.

ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە لێدوانێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە ترسی ئەوەی هەیە ڕووسیا چەکی کیمیایی لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت و داوای لە ڕۆژئاوا کرد کە سزای توندتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکانە بگرێت.

زێلێنسکی گوتیشی نوێنەری میلیشیایەکی سەر بە ڕووسیا لە ناوچەی دۆنتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە ڕووسیا ڕەنگە چەکی کیمیایی لە ماریۆپۆل بەکاربهێنێت. گوتیشی ئێمە زۆر بە رژدی وەریدەگرین.

زێلێنسکی ئاماژەشی بەوە کرد "من دەمەوێت بەبیر سەرکردەکانی جیهان بهێنمەوە کە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای ڕووسیا پێشتر باسکراوە، هەروەها گوتی "هەر لەو کاتەوە ئەوە مانای ئەوە بوو کە پێویستە بە توندی و خێراتر وەڵامی دەستدرێژییەکانی ڕووسیا بدرێتەوە."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لیز تڕەس گوتی بەریتانیا ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتە پشڕاست نەکراوانەیە سەبارەت بەوەی کە لە ئێستادا چەکی کیمیایی لە شاری ماریوپۆڵ بەکارهێنراوە.

جۆن کێربی سکرتێری ڕۆژنامەوانی پنتاگۆن ڕایگەیاند ئەمەریکا لە ئێستادا ناتوانێت ڕاپۆرتەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام گوتیشی ئەگەر ڕاست بێت ئەوا زۆر "جێی نیگەرانییە."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG