Accessibility links

ئۆکرانیا و هاوپەیمانان هێرشەکەی سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری ئۆکرانیا شەرمەزاردەکەن


ئۆکرانیاو هاوپەیمانەکانی ڕۆژی هەینی هێرشێکی موشەکی کوشندەیان بۆ سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری قەرەباڵغی ئۆکرانیا شەرمەزارکرد و ڕووسیایان بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

کاربەدەستانی هێڵی شەمەندەفەری ئۆکرانیا ڕایانگەیاند بەلایەنی کەم 52 کەس لەو هێرشەدا کوژراون، لەناویاندا پێنج منداڵیش و بەلایەنی کەم 87 کەسیش برینداربوون لەو هێرشەی کرایە سەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری شاری کراماتۆرسک لە کاتێکدا بۆ گواستنەوەی خەڵکی سڤیل بەکاردەهات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکی هێرشەکەی بە هێرشێکی بەمەبەست بۆسەر خەڵکی سیڤیل لەقەڵمدا.

زێڵێنسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند " بەبێ هێز یان بوێری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەمان لە مەیدانی جەنگ (سەربازانی ڕووسیا) بێباکانە خەڵکی سیڤیل دەکوژن."

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە شەوی هەینی بڵاوی کردەوە زێڵێنسکی گوتیشی " ئێمە چاوەڕوانی وەڵامێکی توندی جیهانی دەکەین بۆ ئەم تاوانە."

گوتیشی هەوڵەکان لەلایەن ئۆکرانیاوە دەگیرێتە بەر" بۆ دامەزراندنی هەموو خولەکێک کە کێ چی کردووە، کێ چ فەرمانێکی داوە، مووشەکەکە لە کوێوە هاتووە، کێ گواستویەتیەوە، کێ فەرمانەکەی داوە و چۆن ئەم هێرشە ڕوویداوە."

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکی نوێنکردنەوەی زانیارییەکاندا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ڕووسیا " بەردەوام دەبێت لە هێرشکردنە سەر هێزە نالەشکرییەکانی ئۆکرانیا، وەکو ئەوانەی کە لە هێرشەکەی دوێنێدا کوژراون" لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر.

وەزارەتەکە ڕایشیگەیاند " مەبەستی ڕووسیا دروستکردنی ڕێڕەوێکی زەمینییە لە نێوان هەرێمەکانی کرایمیا و دۆنباس" گوتیشی " ئەمە بە بەرگری ئۆکرانییەکان پوچەڵکراوەتەوە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە تویتێکدا ڕایگەیاند ئەو هێرشە " کردارێکی دڕندانەی تر بوو کەلەلایەن ڕووسیاوە ئەنجام درا."

وەزیری بەرگری بەریتانیا بێن والس گوتی " هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤیل و ژێرخانە گرنگەکان تاوانی جەنگن."

نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت هێرشەکان بۆ سەر ئەو وێستگەی شەمەندەفەرە " بە تەواوەتی جێگای قبوڵکردن نین" و گوتیشی " ئەمە سەرپێچییەکی تەواوی یاسا جیهانییە مرۆییەکانە و یاسا جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤە، کە دەبێت ئەنجامدەرانی بەرپرسیاربکرێن."

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرووەکان ستێڤان دوجاریک داواکارییەکەی سکرتێری گشتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرشی دووپاتکردەوە بۆ " دەستبەجێ کۆتایهێنان بەم شەڕە دڕندانەیە."

XS
SM
MD
LG