Accessibility links

ژاپۆن هاوردەکردنی خەڵوزی ڕووسیا قەدەغە دەکات، سزای دیکە ڕادەگەیەنێت


ڕۆژی هەینی ژاپۆن ڕایگەیاند هاوردەکردنی خەڵوز لە ڕووسیاوە قەدەغە دەکات و کۆمەڵێک سزای دیکەی بەرفراوان بەسەر ڕووسیادا دەسەپێنێت، لەوانەش سڕکردنی سەرمایەکانی دوو بانکی گەورەی ڕووسیا و سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسییەکاندا.

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا سزاکانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، ئەمەش ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ژاپۆن ڕایگەیاند هەشت دیبلۆماتکار و بەرپرسانی بازرگانی ڕووسیا لە وڵاتەکە دەردەکات.

ئەم هەنگاوەی ژاپۆن دوابەدوای ئەوە دێت لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سزای هاوشێوەیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا.

بەپێی داتاکانی حکومەتی ژاپۆن، لە ساڵی 2021 دا لە سەدا 11 ی خەڵوزی ژاپۆن لە ڕووسیاوە هاوردەکراوە. هەر لە هەمان ساڵدا ڕووسیا پێنجەمین وڵات بووە لە هەناردەکردنی نەوتی خاو و گازی سروشتی شلکراودا بۆ ژاپۆن.

بەپێی بەڕێوبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا، ژاپۆن لە دوای چین و هیندستانەوە گەورەترین وڵاتەکە لە هەناردەکردنی خەڵوزدا و نزیکەی سەرجەم ئەو خەڵوزەی بەرهەمی دەهێنێت هەناردەی دەرەوەی دەکات.

وەزیری پیشەسازی ژاپۆن کۆیچی هاگیودا لە ماوەی ڕابردوودا وتی " دەبێت شوێنێکی دیکە بدۆزینەوە بۆ هاوردەکردنی خەڵوز، ئەگەر نا ئەوا ڕووبەڕووی قورسایی دەبینەوە لە دابینکردنی خەڵوز لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی پچڕانی کارەبا و کێشەی دیکە. دەبێت خۆمان لەو جۆرە بارودۆخە بەدووربگرین."

وتیشی " هەماهەنگی دەکەین بۆ سزاکانی سەر ڕووسیا بەبێ ئەوەی بارێکی قورس بخەینە سەر پیشەسازی ناوخۆ."

دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ژاپۆن سزاکانی بۆ سەر ڕووسیا زیاد کرد، لەوانەش لابردنی ڕووسیا لە سیستمی نێودەوڵەتی سویفتی بانکی، هەروەها سەرمایەی بانکی ناوەندی ڕووسیاشی لە ژاپۆن سڕکردووە.

سەرمایەی بەرپرسان و بانک و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیاشی سڕکردووە. هەروەها هاوردەکردنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتووشی بۆ ڕووسیا قەدەغە کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG