Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: نەمانی پارەی کاش لە بانکەکان کارەساتی بەدوادا دێت


سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەرچاوەی گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی و نەمانی دەرمان و کۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاک، نەمانی پارەی کاشە لە بانکەکاندا، هۆشداریش دەدات لە خراپتربوونی زیاتری دۆخەکە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت"ئێمە ناڵێین داهات نیە لە سلێمانی، داهات لە مانگی 1 بەهۆی سەرماو سۆڵەوە کەمیکرد، لە مانگی 3 بەهۆی سیانزە وەدەری ئێرانەوە، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکان کەمیکرد، جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی سلێمانی کەمبووەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ دەروازەکانی تر، بۆ نموونە لەمانگی 2، نزیکەی 8 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی باشماخ چووەتە ژوورەوە، لە کاتێکدا نزیکەی 22 هەزار بارهەڵگر لە دەروازەی حاجی ئۆمەران چووەتە ژوورەوە، ئەمانە کاریگەریان لەسەر داهاتی سلێمانی هەبووە."

گوتیشی"6 هەزار کۆمپانیا لەهەموو سنوری سلێمانی باج و رسومات دەدات، لەکاتێکدا 12 هەزار کۆمپانیا لەهەولێر باج و رسومات دەدەن، کەواتە باج و رسوماتی هەولێر دوو هێندەی سلێمانیە، یاخود داهاتی حاجی ئۆمەران بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، سێ هێندەی داهاتی باشماخە."

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە پێویستی دەزانێت، حکومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بێنە سەر هێڵ بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، کە پەیوەندیان بە سیولەی نەقدیەوە هەیە لە بانکەکان، وتی"ناکرێت سبەی دهۆک پێویستی بە هاوکاری سلێمانی بێت، تۆ بڵێی پارەی سلێمانی نانێرم بۆ دهۆک، ئەمە میکانیزمێکی خراپە لەدابەشکردنی پارەی وەزارەتی دارایی بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکاندا."

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆکاری گرفتەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ نەبوونی پارەی کاش لە بانکەکانی سنوری پارێزگاکە و ئیدارە سەربەخۆکانی دەوروبەری گێڕایەوە، کە ژمارەیان 32 بانکە، وتی"سێ ڕۆژە بانگەشەی نەمانی دەرمان دەکرێت، توشبووانی شێرپەنجە لەمانگی 12 ەوە ، دەرمانیان وەرنەگرتووە، ئەمە کارەساتێکی گەورەیە و کارەساتی تریشی بەدوادا دێت، کۆمپانیاکانی کۆکردنەوەی خاشاک لە سنوری 21 شارەوانی کارەکانیان ڕاگرتووە، چونکە پارەیان پێنادرێت، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی دارایی، دەبێت 60% پارەکانیان بدرێتە کۆمپانیاکان و 40% بۆ پاشەکەوت بکەن، لەکاتێکدا لەگرێبەستەکانیاندا شتی وانیە.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی پارەی پێویست لە بانکەکان هەموو ئیش و کارەکانی ڕاگرتووە، وتی"ژمارەیەکی زۆر لەگەڕەکەکانی دەوروبەری سلێمانی کە بەسستمی تەندەرین ئاویان پێگەیشتووە، ئێستا ئاویان لێبڕاوە، چونکە وەزارەتی شارەوانی ئەمەشی ڕاگرتووە، پارە نیە بۆ کڕینی گاز و بانزین، هەر وەزارەتێک خۆی بەدوور دەگرێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی سەربە وەزارەتەکەی، کە دەرمان نیە، خۆ دەبێت وەزارەتی تەندروستی بەهەماهەنگی ئەنجومەنی وەزیران هەوڵی چارەسەرکردنی بدات."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیکردەوە، لەگەڵ بانکی هەرێم لەسلێمانی و 11 بەڕێوەبەر بانکدا کۆبوونەتەوە، چارەسەری هەنوکەییان خستووەتەبەردەستیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی چۆنیەتی دابەشکردنی موچەی خانەنیشیان، بڕیارە کار بە چارەسەرەکانیان بکرێت، وتی"کێشەکانی تر پەیوەندیان بەنەبوونی پارەوە هەیە، ئەو داهاتانەی دێتە بانکەکانی سلێمانی، چ داهاتی ناوخۆ یاخود پارەی گومرگ، بەشی ئەم هەموو پێداویستیە ناکات، سلێمانی ناچارکراوە لە مانگی 2 دا، 78 ملیار دینار بۆ موچە دابین بکات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بەپارەی دەرمان و خاشاک و بودجەی تەشغیلی هەیە، بەڕاستی دابین ناکرێت، بەڕێوەبردنی ژمێریاری و کارگێڕی دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیرانە، پێویستە لەگەڵ وەزارەتەکان پێکەوە گرفتەکان چارەسەر بکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:08 0:00

XS
SM
MD
LG