Accessibility links

ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان


پەرلەمانی هەێمی کوردستان
پەرلەمانی هەێمی کوردستان

سەرۆكی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان داوایان لە پەرلەمان کردووە چارەیەک لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بکەن چونکە وادەکەی بەسەرچووە.
هەندرێن محەمەد سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" بە مەرسومی سەرۆکی هەرێم ڕۆژی هەڵبژاردنەکان دیاریکراوە، دەربارەی کۆمسیۆنیش ئێمە نوسراومان بۆ پەرلەمان کردووە لەبەر ئەوەی ئەو ئەنجومەنەی کۆمیسیاران وادەکەی بەسەرچووە و داوامان لە پەرلەمان کردووە کە ئەوە مەرسومی سەرۆکی هەرێم دەرچووە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن بۆیە فەرموون چارەیەک لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بکەن".
سەبارەت بەوەی کەوا کۆمسیۆن تا چەند ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت " ئەو ئەنجومەنەی کە دروست دەبێت ئەوان رێکار و میکانیزمی ئەو هەڵبژاردنەی دادەنێن ئینجا چی ئـەو ئەنجومەنەی ئێستا کە کارا دەکرێتەوە یان ئەنجومەنێکی نوێ دادەنێن ئەو کات ئەوان رێکار و خشتەی تایمی هەموو کردارەکان ڕادەگەیەنن."
لەبارەی داواکاریەکانی کۆمسیۆنەوە، هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند " ئێمە داواکاریەکانمان بە نوسراوێک ئاراستەی پەرلەمان کردووە کە چارەیەک لە ئەنجومەنی کۆمیسیاران بکەن بۆ ئـەوەی ئـەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت کە سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە لە 1ی 10ی 2022 ".

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زیاد جەبار سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند" پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە بەداخەوە لە ئەنجامدانی حەوت کۆبوونەوەی سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان نەگەیشتنە ئەوەی کە لەگەڵماندابن بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە، ئێمە کە باس لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەکەین دنیایەک کەموکورتی لەم یاسایەدا هەیە ئەم یاسایە 30 ساڵ لەمەوپێش دەرچووە هەرێمی کوردستان ماوەی 30 ساڵ و لە پێنج خولی پەرلەمان بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن دەکات بە تەجروبە بۆمان دەرکەوت کە ئەم پەرلەمانە بە یەک بازنەیی ناتوانێت هاوسەنگی لە نێوان نوێنەرایەتی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە نێوان پارێزگاکان بێنێتە دی، پێویست دەکات بکرێتە چوار بازنە بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتووانی خۆی بتوانێت نوێنەری خۆی بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان"

سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتی گوتیشی " ئەو تۆماری دەنگدەرانەی کە ئێستا لە کۆمسیۆنی باڵای هەرێمی کوردستان هەیە بەهەموو لایەک هاوڕاین کە ئەم تۆمارە پاک و پۆخت نییە هەموو ئەوانەی کە لە ڕابردوودا کۆچی دواییان کردووە تێدا ماونەتەوە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان ئەم تۆمارەی دەنگدەرانەی کە 2018 هەڵبژاردنی پێکراوە لەگەڵ ئەو تۆماری دەنگدەرانەی کە 2021 دوا هەڵبژاردنی پێکراوە هەیە بۆیە دەمانەوێ ئەو یاسایە هەمواربکەینەوە."

لەلایەکی ترەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زانا مەلا خالید سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند "بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فڕاکسیۆنەکان بەواژووی سەرجەم سەرۆک فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کە شازدە فڕاکسیۆنی پەرلەمانیە و لەبەردەستی ئێمەدا هەیە بڕیارماندا کە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی کۆمسیۆن و پرسی دەستور بەسازان و رێککەوتن بێننە پێشەوە بەڵام بەداخەوە جارێکی تر یەکێتی مەبدەئی سازان و رێککەوتنیان شکاند."

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی گووتیشی"دوای دیراسەتێکی ورد بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین لەگەڵ ئەوەداین کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت و دەبێت گەلی کوردستان دادوەربێت کە کێیە کۆسپ لەبەردەم هەڵبژاردن دروست دەکات؟ دەبێت سەرۆکی پەرلەمان و برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوە باش بزانن کە نە هەولێر بەغدایە و نە پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بیانەوێ یەک لەسەر سێی پەکخەر دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پەکبخەن، ڕایدەگەیەنین فڕاکسیۆنی پارتی جارێکی تر بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت ڤیتۆی لەسەر پڕۆژەی هیچ لایەنێکی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستاندا نییە بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەڵام داوا دەکەین بخرێتە بەرنامەی کار".

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:51 0:00

XS
SM
MD
LG