Accessibility links

هەواڵگری تاڵیبان شەپۆلێکی نوێی سنووردارکردنی میدیاکان ڕادەگەیەنێت  و ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکات 


تاڵیبان ڕۆژی دووشەممە وێستگەیەکی ڕادیۆیی قەندەهاری بە هۆی بڵاوکردنەوەی مۆسیقاوە بۆ ماوەیەک داخست و شەش ڕۆژنامەنوسی ئەو ڕادیۆیەشی بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستبەسەرکرد.

شارەزایانی مافە مرۆییەکان دەڵێن ئەم کارە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەرفراوانتری سەرکوتکردنەکانی تاڵیبان بۆ سەر میدیا و ڕۆژنامەوانان لە ئەفغانستان.

بە گوتەی محەمەد یار مەجروح، دوای ڕازیبوونی بەڕێوەبەرانی وێستگە ڕادیۆییەکە بۆ بڵاونەکردنەوەی مۆسیقا و پەیرۆکردنی ڕێنماییە نوێکانی تاڵیبان و هەروەها دوای لێکۆڵینەوە لە ڕۆژنامەنووسەکان لە لایەن کارمەندانی هەواڵگریی تاڵیبانەوە، ئەو شەش ڕۆژنامەنووسە ئازادکراون.

مەجروح بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ڕۆژنامەنووسێکی تری دانیشتووی قەندەهار بە ناوەوەی میروەیس ئەتال کە ڕۆژی شەممە دەستگیرکرابوو، ڕۆژی دووشەممە ئازاد کراوە.

ئەو گوتیشی ئەو ڕۆژنامەوانە کە خۆی وەک فمینیستێک و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان و کچان دەناسێنێت، تۆمەتبارکراوە بە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانی تاڵیبان لەبارەی کچان و ژنانەوە.

دەستبەسەرکردنەکان کۆمەڵگەی میدیایی ناوچەی قەندەهاری هەژاندوە و مەجروح دەڵێت "تا ئێستا هیچ وێستگەیەک دانەخراوە، بەڵام هەندێک کەس دەڵێن لەوانەیە ناچار بن بنکەکانیان لە ترسی دەستبەسەرکردنیان دابخەن."

بە گوتەی ڕۆژنامەنووسانی ناوچەیی، بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی وێستگە ڕادیۆییەکاندا کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەنەوە سەبارەت بە قەدەغەکردنی مۆسیقا و میوزیک و کاتێک ڕۆژی دووشەممە چەند وێستگەیەک فەرمانەکەیان جێبەجێ نەکرد، هێزەکانی تاڵیبان هەڵیانکوتاوەتە سەر بنکەکانیان و دەستبەسەری کردوون.

مەجروح دەڵێت "لە ئەمڕۆوە هیچ مۆسیقایەک لە ڕادیۆکانەوە لێنادرێت."

ئێمی برۆیڵێت، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتی بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان لە ڤیەننا دەڵێت "ڕوانگەی تاڵیبان سەبارەت بە میدیا وەک هەموو رژێمێکی دیکتاتۆری دیکە وایە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کردوە بە نوێنەرێکی تاڵیبانەوە بۆ لێدوان لەم بارەیەوە، بەڵام ئەو نوێنەرە وەڵامی دەنگی ئەمەریکا نەداوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، تاڵیبان فەرمانی بە ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە ناوخۆییەکان کردوە لە بڵاوکردنەوەی ئەو بەرنامانەی لە دەرەوەی ئەفغانستان بەرهەم هاتوون، خۆیان بپارێزێن و بڵاویان نەکەنەوە، لەوانەش بەرنامەکانی دەنگی ئەمەریکا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی زانیاری و ڕۆشنبیری تاڵیبان بە تولوع نیوزی ڕاگەیاندوە تاڵیبان هیچ ناڕەزاییەکی لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامە نێودەوڵەتییەکان نییە، بەڵکو تەنیا کێشەی لەگەڵ جل و بەرگی خانمە بێژەرەکانی هەیە کە دژی یاسای ئیسلام و بەها ئەفغانییەکانە.

تولوع نیوز، کەنالێکی سەرەکی هەواڵی ئەفغانستانە، کە سەر بە دەنگی ئەمەریکایە.

یۆلاندا لۆپێز، بریکاری بەڕێوبەری دەنگی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە، لە لێدوانێکدا گوتی "داوا لە تاڵیبان دەکەین چاو بەو بڕیارە ناخۆشانەدا بخشێنێتەوە." لۆپێز گوتیشی "ئەو سنوردارکردنانەی کە تاڵیبان هەوڵی سەپاندنی دەدات دژی ئازادی ڕادەربڕینە کە خەڵکی ئەفغانستان شایەنیانە".

مایکڵ مەککاڵ، ئەندامی باڵای کۆمارییەکان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای گوت "ئێمە جارێکی تر بینیمان تاڵیبان چۆن بوونی ڕاستەقینەی خۆیان نیشان دەدەن" و گوتیشی "پێویستە ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی میدیای سەربەخۆ بۆ بەرپەرچدانەوەی سەرکوتکردنەکانی تاڵیبان."

دوای دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە لە مانگی 8ی ساڵی ڕابردوودا، تاڵیبان بەڵێنی دا کە ڕێز لە ئازادی ڕۆژنامەگەری بگرێت، بەڵام چەند مانگ دواتر دەستی دایە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەر ناوەڕۆکێک کە لەگەڵ لێکدانەوەی شەریعەتی ئیسلامی و کلتوری ئەفغانیدا ناکۆک بێت.

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆی ئەفغانستان ڕایگەیاند لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا 129 "کاری توندوتیژی" دژ بەڕۆژنامەنووسانی تۆمارکردووە کە 10 ڕووداوی لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا بووە.

XS
SM
MD
LG