Accessibility links

تاڵیبان پڕۆگرامەکانی دەنگی ئەمەریکا و بی بی سی لە ئەفغانستان قەدەغە دەکات


تاڵیبان پڕۆگرامی هەواڵەکانی دەنگی ئەمەریکا و بی بی سی لە ئەفغانستان قەدەغە کرد، هەروەها چیتر ڕێگە نادات کەناڵەکانی ئەفغانستان پڕۆگرامی هەواڵەکانی دەنگی ئەمەریکا و بی بی سی پەخش بکەن.

قەدەغەکردنەکە زنجیرەیەکە لەو کۆمەڵە کۆتوبەندانەی کە تاڵیبان سەپاندوویەتی بەسەر ڕاگەیاندنەکانی ئەفغانستاندا، ئەوەش لەپێناو خنکاندنی ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتەکەدا.

دەنگی ئەمەریکا کە بنکەکەی لە واشنتنە، سەرکۆنەی بڕیارەکەی تاڵیبانی کردووە بۆ قەدەغەکردنی پڕۆگرامەکانی لە ئەفغانستان.

بەڕێوبەری دەنگی ئەمەریکا یۆلاندا لۆپێز لە بەیاننامەیەکدا وتی " داوا لە تاڵیبان دەکەین پێداچوونەوە بەم بڕیارە بێزارکەرەدا بکاتەوە. ناوەڕۆکی ئەو کۆتوبەندانەی کە تاڵیبان دەیەوێت بیسەپێنێت دژی ئەو ئازادیی ڕادەربڕینەن کە گەلی ئەفغانی شایستەیەتی."

دەنگی ئەمەریکا پڕۆگرامێکی هەواڵی نیو کاتژمێریی هەیە کە لە تۆلۆ نیوز و کەناڵی تەلەفیزیۆنی شامشادی ئەفغانی پەخش دەکرێن و بە زمانی پاشتۆ و داری دەخوێندرێتەوە.

لۆپێز وتی " لەکاتێکدا نائومێد و غەمبار بووین بەرامبەر فەرمانەکەی تاڵیبان بۆ کەناڵە هاوبەشەکانمان لە ئەفغانستان، دەنگی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پابەندبوونمان بە خستنەڕووی زانیاریی ڕاست بۆ گەلی ئەفغانستان لەڕێی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و ماڵپەڕەکانی www.pashtovoa.com و www.darivoa.com و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە."

بەڕێوبەری خزمەتگوزاری بی بی سی جیهانییش داوای لە تاڵیبان کرد دەستبەجێ بڕیاری قەدەغەکردنی پڕۆگرامەکانی لە ئەفغانستان هەڵبوەشێنێتەوە.

تاریک کافالا لە بەیاننامەیەکدا وتی " هەواڵەکانی کەناڵی بی بی سی بە زمانی پاشتۆ و فارسی و ئۆزبەکی لە ئەفغانستان قەدەغەکراون."

کافالا وتی " ئەمە پەرەسەندنێکە جێی نیگەرانییە لەکاتێکدا کە گەلی ئەفغانستان ڕووبەڕووی نادیاریی و کێشە بوونەتەوە."

وتەبێژی وەزارەتی ڕاگەیاندنی تاڵیبان کاتێک داوای لێکرا لێدوان بدات لەسەر ئەوەی ئایا فەرمانییان بە کەناڵە ئەفغانییەکان کردووە پڕۆگرامی ڕاگەیاندنە بیانییەکان لە پەخشەکانیان لاببەن، بە دەنگی ئەمەریکای وت زانیاری کۆدەکاتەوە و دواتر لێدوان دەدات.

ڕەخنەگرانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەڵێن ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین لەژێر فەرمانڕەوایی تاڵیباندا لە ئەفغانستان خراپتر بووە.

ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانی بەردەوام دەستبەسەر دەکرێن و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. حکومەتی کاتی تاڵیبان کۆمەڵێک " یاسای بۆ ڕۆژنامەنووسان " دەرکردووە، لەوانەش پابەندبوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە یاساکانی ئیسلامەوە.

لە مانگی دوانزەدا ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور ئامارێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات لە سەدا 40 ی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەفغانستان دیارنەماون و زیاتر لە سەدا 80 ی ڕۆژنامەنووسە ئافرەتەکان لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستانەوە لەلایەن تاڵیبانەوە کارەکانیان لەدەستداوە.

توێژینەوەکە دەریدەخات ژینگەی کارکردنی ڕۆژنامەنووسان لە کابوڵی پایتەخت و سەرانسەری وڵاتەکە " زۆر خراپتر بووە ". ڕەخنەگران دەڵێن بارودۆخەکە بۆ کارکردنی ڕۆژنامەنووسە ناوخۆییەکان خراپتر بووە.

دوابەدوای گرتنەوەی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، سەدان ڕۆژنامەنووس ئەفغانستانیان جێهێشتووە، ئەوەش لەترسی سەرکوتکارییەکانی تاڵیبان یاخود بەهۆی ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بۆتەوە لەسەر چۆنێتی ئەنجامدانی کارەکانیان بەپێی یاسا نوێیەکانی تاڵیبان.

بەپێی ڕێکخراوی ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور، دوای ئەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەو دەست لە 15 ی مانگی هەشتدا، زیاتر لە 6400 ڕۆژنامەنووس و کارمەندی دەزگاکانی ڕاگەیاند لە ئەفغانستان کارەکانیان لەدەستداوە.

قەدەغەکردنی دەنگی ئەمەریکا و بی بی سی لەکاتێکدایە تاڵیبان ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر و سەرکۆنەکردنێکی نێودەوڵەتی بووەتەوە بەهۆی داخستنی قوتابخانەکانەوە بەڕووی کچە هەرزەکارە ئەفغانییەکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG