Accessibility links

ئەمەریکا هیوادارە تاڵیبان دەستبەجێ خوێندنگاکانی کچان بکاتەوە


تامس وێست نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا چاوەڕوان دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تاڵیبان بڕیاری خۆی بۆ ڕێگەگرتن لە خوێندنی کچانی ئەفغانستان پێچەوانە بکاتەوە.

ئەمەریکا وتووێژەکانی لەگەڵ فەرمانڕەوایانی تاڵیبان لە ئەفغانستان کە بڕیاربوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی دۆحە ئەنجام بدرێت هەڵوەشاندەوە، وەکو ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر ئەو بڕیارەی کە تاڵیبان لە ڕۆژی چوارشەممە دەریکرد.

وێست گوتیشی " هیوادارم ئێمە لە چند ڕۆژی داهاتوودا پێچەوانەی ئەو بڕیارە ببینین." لە کۆڕبەندی دۆحا وێست ڕایشیگەیاند " من لەم چوارشەممەی ڕابردووەدا سەرمسوڕما بەو هەڵگەڕانەوەیە، و پێم وابێت بینیتان کاردانەوەی جیهان چۆن بوو و چۆن شەرمەزاریان کرد. ئەمە پێش هەموو شتێک پێشێلکارییە لە متمانەی خەڵکی ئەفغانی."

وێست گوتیشی تاڵیبان، کە لە مانگی هەشتی ڕابردوودا دەستیگرتەوە بەسەر ئەفغانستاندا پاش دوو دەیەی شەڕی دژ بە حکومەتی پێشوو کە ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکرد، لە میانەی وتووێژەکاندا متمانەی دایە وڵاتانی تر کە ڕێگەی خوێندن بە کچان دەدرێت.

تاڵیبانی توندڕەو ڕۆژی چوارشەممە پاش چەند کاتژمێرێک لە کردنەوەی خوێندنگاکانی ناوەندی کچان، جارێکی تر بڕیاری داخستنی دایەوە، ئەمەش توڕەبوونێکی زۆری لە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

سوهەیل شاهین بەرپرسی ئۆفیسی تاڵیبان لە دۆحا، لە پامێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند گروپەکە هیچ ڕێبازێکی دژی پەروەردەی کچان نییە.

شاهین گوتی "هەندێک کێشەی تایبەت هەیە کە دەبێت لە سەرەتادا چارەسەر بکرێن. بەداخەوە تا پێش وادەی دیاریکراوی کردنەوەی خوێندنگاکانی کچان لە 23ی ئازاردا چارەسەر نەکرابوون."

XS
SM
MD
LG