Accessibility links

تورکیا دەڵێت "بەرچاوترین پێشوەچوون" لە گفتوگۆکانی ئەستەنبوڵ بەدیکراوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو دەڵێت وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەستەنبوڵ "بەرچاوترین پێشوەچوونی" تێدا بەدیهاتووە لەوکاتەوەی شەڕەکە لە نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە.

لە میانە لێدوانێکیدا پاش کۆبونەوەکە سێ کاتژمێرییەکەی نێوان شانی مۆسکۆ و کیێڤ، چاوشئۆغڵو گوتی لەم گفتوگۆیانەدا بەرچاوترین پێشوەچوون بەدەیکراوە لەوکاتەوەی دانوستاندنەکان لە دوای داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەستیان پێکردووە. ئەو گوتیشی وتووێژەکان لە ڕۆژی چوارشەممە دەستپێناکەنەوە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە شاندەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا کرد و وتی " ڕاگرتنی ئەم تراجیدیایە " پەیوەستە بە ئێوەوە.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئۆکرانیا وتی کۆبوونەوەکە " بەبێ تەوقەکردن و بە پێشوازییەکی سارد " دەستیپێکردووە.

ئۆکرانیا و ئەمەریکا هیوایەکی کەمییان هەیە لەسەر ئەوەی گفتوگۆکانی ئەمجارە لە تورکیا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێبکەوێتەوە. بەڵام دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان هەنگاوێکی گرنگە بەرەو ئاگربەست لە ئۆکرانیادا، لەکاتێکدا داگیرکارییەکەی ڕووسیا لەسەرجەم بەرەکانەوە خاو بۆتەوە، بەڵام زیانێکی گەورە بە هاوڵاتیانی شارە گەمارۆدراوەکان گەیشتووە.

XS
SM
MD
LG