Accessibility links

سەرۆک بایدن سەردانی پۆڵەندا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی سەردانی پۆڵەندای کرد بۆ پشتیوانیکردنی وەڵامدانەوەی ئەو وڵاتە بۆ قەیرانی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ کە بەهۆی داگیرکرارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دروستبوون، ئەمەش لە کاتێکدا هاوپەیمانان هەنگاوێکی نوێ دەگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن.

پۆڵەندا کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە، ملیۆنان پەنابەری ئۆکرانی گرتووەتەخۆی.

بایدن دیداری ئەو سەربازە ئەمەریکاییانەی کرد کە بنکەیان لە یاسۆنکای نزیک سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیایە لە کاتێکدا چاوەڕوانی گەیشتنی سەرۆکی پۆڵەندا ئاندرێ دودای کرد.

دودا دوواکەوت بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکەی لە ڕێگە کێشەی تەکنیکی هەبوو ناچار بوو بگەڕێتەوە بۆ وارشۆی پایتەخت.

گەشتەکەی سەرۆک بایدن بۆ پۆڵەندا چەند کاتژمێرێک پاش کۆبونەوەکەی ڕۆژی هەینی بروکسڵ بوو لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئورسولا ڤان دێرلەین، کە پاش کۆبونەوەکە گرێبەستێکیان ئاشکراکرد بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپا بە گازی ڕووسیایی.

بایدن گوتی سەرۆی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن قازانجەکانی فرۆشتنی سوتەمەنی بۆ ئەنجامدانی شەڕی ئۆکرانیا بەکارهێناوە. بایدن گوتی دەیەوێت ئەوە " ڕوون بکاتەوە کە گەلی ئەمەریکا نابن بە بەشێک لە هاوکاریکردنی دڕندایەتی و نادادپەروەری پوتن دژ بە خەڵکی ئۆکرانیا."

ڤۆن دێرلەین گوتی " ئێمە سوورین لە دژایەتی کردنی شەڕە دڕندانەکەی ڕووسیا. ئەم شەڕە شکستێکی ستراتیژی دەبێت بۆ پوتن.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا نرخی سوتەمەنی لە یەکێتی ئەوروپا زیادکردووە و یەکێتیەکەی ناچار کردووە هەوڵ بدات تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دوو لەسەر سێی گازی ڕووسیا ببڕێت، ئەوەش لەڕێی زیادکردنی هاوردەکردنی گازەوە لە وڵاتانی دیکەوە.

کۆشکی سپی وتی " ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیاببێتەوە لەوەی بڕێکی زیاتر لە گازی سروشتی شلکراو ڕەوانەی بازاڕەکانی یەکێتی ئەوروپا بکات."
ڕووسیا لە سەدا 40 ی گاز و کەمتر لە نیوەی نەوتەکەی ئەوروپا دابین دەکات، ئەو وڵاتانەی ئەوروپا کە زۆرترین گاز و نەوت لە ڕووسیا دەکڕن و پشتی پێدەبەستن، بۆ نموونە ئەڵمانیا، دودڵن لەوەی هەنگاوێک بگرنەبەر کە کاریگەرییەکی گەورەی ئابووری لێبکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG