Accessibility links

سێ وڵاتی ئەندامی ناتۆی نزیک لە سنووری ڕووسیا 10 دیپلۆماتی ڕووسیایی لە وڵاتەکانیان دەردەکەن  


ئستۆنیا و لاتڤیای هاوسنووری ڕووسیا لەگەڵ لیتوانیا کە تەنها نزیکەی 150 کیلۆمەتر سنوورەکانی لە ڕووسیاووە دوورە و هەرسێکیان ئەندامی ناتۆن ڕۆژی هەینی 10 دیپلۆماتی ڕووسیایان لە وڵاتەکانیان دەرکرد ئەمەش هاوشێوەی هەنگاوەکانی بولگاریا بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی مۆسکۆوە بۆ دژ بە ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی لاتڤیا لە هەژماری تویتەرەکەی خۆی نوسیویەتی " لاتڤیا سێ کارمەندی باڵیۆزخانەی ڕووسیا دەردەکات بەهۆی ئەو چالاکیانەیانەوە کە پێچەوانەی دۆخی دیپلۆماسییانە و بە لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا."

هەروەها دەشڵێت "بڕیارەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ لیتوانیا و ئستۆنیادا دراوە."

وەزارەتی دەرەوەی ئستۆنیا ڕایگەیاند کە سێ دیپلۆماتی ڕووسیاییان بە نەخوازراو ڕاگەیاندووە لەبەرئەوەی پێشێلی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە کە تایبەتە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "هەرسێکیان بە بەردەوامی ئاسایشی ئستۆنیایان پێشێلکردووە و پڕوپاگەندەیان بۆ ڕەواییدان بە هێرشە لەشکرییەکانی ڕووسیا بڵاوکردۆتەوە."

هاوکات لیتوانیا ڕایگەیاند کە چوار دیپلۆماتی ڕووسیای دەرکردووە.

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلێس لاندسبێرگیس ڕایگەیاند "هێرشی سەربازی ڕووسیا بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی، شوێنە مەدەنیەکان، نەخۆشخانە، قوتابخانە، نەخۆشخانەی لەدایکبوون و دامەزراوە کلتورییەکان تاوانی جەنگە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە."

هەروەها وتیشی "خزمەتگوزارییە تایبەتەکانی ڕووسیا چالاکانە بەشدارن لە ڕێکخستنی ئەم تاوانانە دژی دانیشتوانی ئاشتیخوازی ئۆکرانیا، بۆیە نامانەوێت نوێنەری ئەو پێکهاتانە بەسەر خاکەکەماندا بڕۆن و مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی لیتوانیا دروستبکەن."

وەزارەتی دەرەوەی بولگاریاش کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە ڕۆژی هەینی پێشوو دەرکردنی 10 دیبلۆماتی ڕووسی ڕاگەیاندبوو.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندبوو کە پەیماننامەی نێودەوڵەتیان پێشێلکردووە لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، کە ئەمە دەستەواژەیەکە زۆرجار لەلایەن وەزارەتەکەوە بەکاردەهێرێت بۆ ئاماژەدان بە کردەوەی سیخوڕی.

XS
SM
MD
LG