Accessibility links

کردارەکانی تورکیا لە بەرامبەر ڕووسیا گومان دەخاتە سەر هەڵوێستە ڕاگەیاندراوەکانی وڵاتەکە


سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

لە کاتێکدا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا سزای دارایی و بازرگانی توند بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن و ئاسمانیان بە ڕووی فڕۆکە ڕووسیاییەکاندا دادەخەن، تورکیا بەتوندی دژایەتی ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە دەکات و مشتومڕی ئەوە دەکات کە ئەمانە ئەنجامی پێچەوانەیان دەبێت.
تیمۆتی ئاش شیکەرەوەی بازاڕە دەرکەوتووەکان لە بەڕێوەبەرایەتی دارایی بلوبەی بنکە لە لەندەن دەڵێت لە ئەنجامدا، نیگەرانییەکان ڕوو لە زیادبوون دەکەن سەبارەت بەوەی تورکیا یارمەتی ڕووسیا دەدات بۆ خۆلادان لە کاریگەرییەکانی سزاکان.
ئەو دەڵێت " هەندێک سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی فڕۆکە ڕووسیاییەکان وەکو فڕۆکەی تورکی نیشان دراون. پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانی، پەیوەندی بانکی لە نێوان ڕووسیا و تورکیا هەیە. هەندێک سەرنجی میدیایی هەبووە لەسەر زۆرێک لە ڕووسییەکان کە هەوڵ دەدەن هەژماری نوێ بانکی لە تورکیا بکەنەوە، کە وا دیارە هەوڵ دەدەن خۆیان لە هەندێک لەو کێشانە لابدەن کە ڕەنگە ڕووبەڕوویان بێتەوە. نیگەرانی ئەوەش هەیە کۆمپانیاکانی ڕووسیا، قەوارەکان هەوڵ دەدەن هەناردەکانیان و بازرگانییەکانیان لە ژێر ناوی قەوارە تورکەکاندا ئەنجام بدەن."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە کاربەدەستانی تورکیاوە بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە بەڵام هەتا کاتی ئەمادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هیچ وەڵامێک نەدرایەوە.
ئەنکەرە سوورە لەسەر ئەوەی پابەندە بە بەرپرسیارێتییە یاساییە نێودەوڵەتییەکانیەوە. بەڵام شیکەرەوە ئەتیلا یەسیلادا لە سەرچاوە هاوبەشە جیهانییەکان دەڵێت ئەمە یەکەم جار نییە گومان لەوە دەکرێت تورکیا سەرپێچی دەکات لە سزا نیودەوڵەتییەکان. یەسیلادا دەڵێت " زۆر کەس هیوایان دەخواست تورکیا ببێت بە نێوەندێکی دارایی لەبری یان نێوەندگیرێک بۆ ڕووسیا." ئەو هەروەها گوتیشی با ئەوەشمان بیرنەچێت کە چۆن " ئەم ڕژێمە هەوڵ دەدات ڕووداوەکەی ڕەزا زەڕاب دووبارە بکاتەوە- 40 ملیار دۆلاری بۆ ئێران سپی کردەوە."
ڕەزا زەراب کاردارێکی ئێرانی بە ڕەچەڵەک تورکە کە لە ساڵی 2017 لە دادگایەکی نیویۆرک دانی بە تاوانەکەیدا نا بۆ سەرپێچیکردن لە سزاکانی دژ بە ئێران. بەرپرسێکی باڵای بانکی دەوڵەتی تورکیاش تاوانبار کرا. خودی بانکەکەی تورکیاش ڕووبەڕووی دادگاییکردن بووەوە لە ئەنجامی هەندێک لە لێکۆڵێنەوەکان.
شیکەرەوە یەسیلادا دەشڵێت دوور نییە بانکە تایبەتەکان و دەوڵەتییەکانی تورکیاش ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزای قورس ببنەوە بۆ پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڕووسیا. هۆشداریشی دا خۆلادان لە سزاکان زۆر مەترسیدارن، بەتایبەتی لە کاتێکدا هەر سزایەک کاردەکاتە سەر توانایی تورکیا بۆ قەرزکردن لە بازاڕە جیهانییەکان.
لە کاتێکدا بەشێکی زۆری گرفتە ئابورییەکان تورکیا دەخرێتە سەر ڕێبازە نائاسییەکانی سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەندێک لە شارەزایان هۆشداریش دەدەن هەر هاوکارییەکی جیهانی دەکرێت بەباشی پەیوەستبکرێت بە گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتدا.

دۆریەن جۆنس - دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG