Accessibility links

محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی موشەک بارانکردنی هەولێر بۆ دەنگی ئەمەریکا دەدوێت


محەمەدی حاجی مەحمود

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێ نەبوون کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووی موشەکەکانی لەهەرێمی کوردستان بکات، جەخت لەسەرئەوەدەکاتەوە هۆکاری موشەک بارانکردنی هەولێر هەڵەتێگەیشتن و پێدانی زانیاری هەڵەیە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت "وەکو کورد لەگەڵ ئێران لەڕووی سیاسی و فەرهەنگی و سنورەوە لەیەکتریەوە نزیکین، بۆیە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی موشەک نەبوون لەئێران، بەڵکو چاوەڕێی هاوکاری و پشتیوانی بووین."

محەمەدی حاجی مەحمود پێیوایە، هۆکاری موشەک بارانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە لەیەکترتێنەگەیشتنە، وتی"هەرێم مەترسیدار نیە بۆ سەر هیچ لایەک، هەرێم نابێتە جێی ململانێی وڵاتانی ناوچەکە، بەپێچەوانەوە هەرێم پەیوەندی و بازرگانی لەگەڵ هەموو وڵاتان هەیە."

دەربارەی تۆمەتبارکردنی هەرێم لەلایەن ئێرانەوە و لێدوانی توندی بەرپرسانی ئێران دژی هەرێم، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات وتی"ڕەنگە کۆمەڵێک شتی تیابێت، ڕێککەوتنی پارتی لەگەڵ سەدر و سونە، کێشەی نێوان شیعە و شیعە، کۆمەڵێ شتی تریش هەن ڕەنگە ڕوون نەبن، یاخود بوونی ئەمەریکا لەهەرێم، لەکاتێکدا ئەمەریکا لەبەغدا و ناوچەکانی تریش هەیە، بۆیە مەسەلەکە ڕەنگە لەیەکترتێنەگەیشتن و زانیاری هەڵە بێت."

بەڕای محەمەدی حاجی مەحمود، پێکهێنانی حکومەتی عێراق ئاسان نابێت، چونکە دادگای فیدراڵی کۆسپی دروستکردووە و ئامادەبوونی 220 پەرلەمانتاری کردووەتە مەرج بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لەکاتێکدا ئەو ژمارە بەهیچ لایەک کۆناکرێتەوە، وتی"دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت وسەرۆک کۆمار حکومەت ڕاسپێردرێت، بۆیە تاکورد بەکورد، شیعە بە شیعە ڕێکنەکەون، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕوونیکردەوە، ئەو ناتوانێت لەبری یەکێتی و پارتی قسە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماربکات، بەڵام ململانێکان لەسەر ئەو پۆستە توندن و ڕەنگە دەوڵەتانی ناوچەکە دەستوەردان بکەن، وتی "لەخولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا لەنێو پەرلەمان، ڕەنگە هیچ لایەکیان نەتوانن دەنگی پێویست بهێنن، یان نیسابی یاسایی تەواو بکەن، چونکە دادگا بۆیە ئەوەیکرد تا نەتوانرێت بەئاسانی سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت، ڕەنگە مەسەلەکە درێژە بکێشێت."

XS
SM
MD
LG