Accessibility links

بەرپرسان: وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئەنجامدانی گفتووگۆ لەسەر ڕێکەوتنی ناوکی سەردانی مۆسکۆ دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە حوسەین ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران بڕیارە ڕۆژی سێشەممە بەرەو مۆسکۆ بکەوێتە ڕێ، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە وەستانی وتوێژە ناوکییەکان لە ڤیەننا بەهۆی داواکانی ڕووسیا لە ئەمەریکا لەسەر پێدانی متمانە.

سەعید خەتیبزادە وتەیبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند مەبەست لە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆسکۆ درێژەدانە بە وتوێژەکانی ناوکی.

جێی ئاماژەیە وتووێژەکانی ناوکی دوای 10 مانگ لە ڤیەننا دووبارە وەستێنران، دوای ئەوەی ڕووسیا لە 5ی مانگی 3دا داوای پێدانی متمانەی کرد سەبارەت بەوەی ئەو سزایانەی ڕۆژئاوا سەپاندوونی بەسەر مۆسکۆدا لە ئاکامی هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیان بە بازرگانی رووسیا لەگەڵ ئێران نەگەیەنێت.

پێشتر بەرپرسێکی باڵای ئێرانی ڕاگەیاندبوو، کە داوای ڕووسیا بۆ پێدانی متمانە لە ئەمەریکا داوایەکی بونیاتنەر نابێت بۆ وتوێژەکانی نێوان تاران و زلهێزانی جیهان کە بە مەبەستی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی ئێرانە.

هەروەها ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گوتوویەتی ئەو جۆرە داواکاریانە بێ بنەمان و سزاکانی سەر ڕووسیا لەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا "هیچ پەیوەندیەکی بە ڕێککەوتنە ناوەکییەکەی ئێرانەوە نییە".

سەرچاوە: AFP

XS
SM
MD
LG