Accessibility links

ڕێکخراوی هەنگاو: زیندانێکی سیاسی کورد لە ورمێ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، زیندانی سیاسی کورد، فیرووز مووسالوو، دوای 32 مانگ لە زیندانیکردنی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، مووسالوو بە ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبارکراوە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ڕۆژی دووشەممە 7ی مانگی سێی 2022 لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ناوەندی ورمێ بە فەرمی بڕیاری جێبەجێکردنی سزاکەی پێ ڕاگەیەندرابوو، دواهەمین دانیشتنی دادگا بۆ کەیسی فیرووز مووسالوو لە سەرەتای مانگی سێدا بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە فیرووز مووسالوو، ئەندامی پێشووی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) ڕۆژی پێنجشەممە 11ی مانگی حەوتی 2019 لە سنووری سەردەشت خۆی ڕادەستی هێزە ئاسایشییەکانی ئێران کردبوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژی پێنجشەممە 2ی مانگی یەکی 2020 دوای پێنج مانگ و دە ڕۆژ گوازرایەوە بۆ بەشی سیاسی زیندانی ناوەندی ورمێ.

پێشتر ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە کە دەزگا ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران فیرووز مووسالوویان بە "ئەندامێتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان" و "ڕاپەڕینی چەکداری" تۆمەتبار کردووە.

بەپێی ڕێکخراوەکە، ئەو کات بەرپرسانی سوپای پاسداران بە بنەماڵەی موسالوویان گوتووە کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کوڕەکەیان دەکرێت و دوای چەند رۆژێک ئازاددەکرێت، بەڵام دواتر بۆ ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران لە ورمێ گوازراوەتەوە و لەوێ ئەشکەنجە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ساڵی 2021 لانی کەم 103 چالاکوانی کورد لەلایەن دادگاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

لە ساڵی 2021دا چالاکوانێکی سیاسی بەناوی حەیدەر قوربانی خەڵکی شاری کامێران لە سێدارە درا.

XS
SM
MD
LG