Accessibility links

شەڕێکی سەخت لە کیێڤ و شارەکانی تری ئۆکرانیا ڕوودەدات


شەڕی سەخت ڕۆژی شەممە لە باکووری ڕۆژئاوای کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و چەند شارێکی دیکە بەڕێوەدەچێت لە کاتێکدا سوپای ڕووسیا نزیکەی 25 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورن.

شەوی هەینی لەسەر شەممە لە چەندین شاری ئۆکرانیا دەنگی زەنگی هۆشیارکردنەوە دەبیسترا، هۆشداری لەمەڕ هێرشی ئاسمانی درا بە هاووڵاتیان.

وەزیری بەرگری ڕووسیا گوتی بنکەیەکی ئاسمانی ئۆکرانیان لە نزیک شاری ڤاسلیکیڤ تێکشکاندووە. هەروها گوتیشی عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی نزیکیش لەناوبراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە مزگەوتێکیان لە ماریوپۆل تۆپباران کردووە کە 80 کەس لەوێ خۆیان حەشاردابوو. دەوترێت ژمارەیەک لەوکەسانەی نێو مزگەوتەکە خەڵکی تورکیا بوون.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە چەندین ڕێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە، ئەمەش ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ خەڵکی دابین دەکات تا بتوانن لە توندوتیژییەکانی کیێڤ و ناوچەکانی تر هەڵبێن.

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئێرینا ڤرشچەک لە وتارێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند " هیوادارم ڕۆژەکە باش بڕوات و هەموو ڕێگا پلان بۆ داڕێژراوەکان بکرێنەوە و ڕووسیا پابەندی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەست جێبەجێ بکات."

ڕووسیا جەنگی خۆی لە ئۆکرانیا فراوانترکردووە بە ئامانجگرتنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و پێدەچێت لەنزیک کیێڤی پایتەخت سوپاکەی ڕێکبخاتەوە، لە کاتێکدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی گەمارۆکانی سەر مۆسکۆ زیاد دەکەن.

کاربەدەستێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە ڕووسیا دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر شوێنەکانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا.

XS
SM
MD
LG