Accessibility links

بایدن داوای ڕاگرتنی پەیوەندی بازرگانی ئاسایی لەگەڵ ڕووسیا دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و گروپی حەوت وڵاتانی پیشەسازی جیهان هەنگاودەنێن بۆ ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییە ئاساییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا لە وەڵامدانەوەیاندا دژ بە داگیرکارییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زۆربوونی فشارەکانی هەردوو حزبی سەرەکی ئەمەریکا لە واشنتن.

ئەگەر بێت و ئەم بڕیارە بدرێت ئەوا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەتوانن دەستبکەن بە دانانی باجی گومرگ لەسەر زۆربەی کاڵاکانی ڕووسیا بەمەش ئابوری ڕووسیا لاوازتر دەبێت کە سندوقی جیهانی پێشبینی دەکات لەم ساڵدا قەیرانێکی گەورەی ئابوری ڕوو لەو وڵاتە دەکات.

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن هەر وڵاتێک دەبێت باری بازرگانی ڕووسیا بە پێی ڕێکارەکانی خۆی بگۆڕێت. لە ئەمەریکا ئەم هەنگاوە پێویستی بە کاری کۆنگرێس هەیە و یاسادانەرانی دیموکرات و کۆماریش پشتگیری بۆ ئەو بڕیارە دەربڕیوە.

بادیدن لە میانەی لێدوانەکەیدا لە کۆشکی سپی گوتیشی " ئەمە بۆ کارەکانی ڕووسیا سەختتر دەکات بۆ بازرگانی کردن لەگەڵ ئەمەریکا یان وڵاتانی تر."

گوتیشی " ئەمە زیانێکی تر دەبێت بۆ ئابوری ڕووسیا، کە لە ئێستاوە سزاکانمان زیانێکی زۆری هەبووە بۆی."

ئەمەریکا و هاوپەیمانانی پێشتر ژمارەیەک سزای ئابوری بێپێشینەیان خستە سەر ڕووسیا و بانکەکان و هەناردەکانی ئەو وڵاتە کرانە ئامانج بە مەبەستی فشاردانان لەسەر سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن تا کۆتایی بە هێرشە داگیرکارییەکانی لە ئۆکرانیا بهێنێت کە گەورەترین شەڕی ئەورپایە لەوەتای جەنگی جیهانی دووهەمەوە.

XS
SM
MD
LG