Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا بۆردومانی نەخۆشخانەیەکی منداڵانی کردووە


ئۆکرانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیای تۆمەتبارکرد بە بۆردومانکردنی نەخۆشخانەیەکی منداڵان لەبەندەری گەمارۆدراوی ماریوپول لە کاتێکدا ڕێکەوتنێکی ئاگربەست لە ئارادایە بۆئەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لەو شارەدا گیریان خواردووە شارەکە بەجێبهێڵن.

لە ڕۆژی چوارشەممەدا ڕووسیا ڕایگەیاند بۆردومان و هێرشەکان ڕادەگرێت بۆ ڕێگەدان بە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بۆ ئەوەی لە شاری ماریۆپۆل و شارە گەمارۆدراوەکانی دیکە هەڵبێن. بەڵام ئەنجومەنی شارەکە دەڵێن نەخۆشخانەکە چەند جارێک بۆردومان کراوە.

ئەنجومەنی شارەکە لە پۆستێکی ئۆنلایندا ڕایگەیاند کە "ئاسەواری بۆردومانکە زۆر وێرانکەر بووە."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت "بۆردومانەکە ترسناک بووە."

هەروەها لە زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا دەنوسێت " هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانێکی ڕاستەوخۆی نەخۆشخانەی لە دایکبوونیان کردووە و خەڵک و منداڵەکان لە ژێر خۆڵ و خاشاکی بۆردومانەکەدان."

دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی کرێملن لە کاتی داواکردنی لێدوان لەسەر تەقینەوەکە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی ئامانجی مەدەنی ناکەن."

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە دەربارەی ئەوەی کە بۆردومانی نەخۆشخانەیەک کراوە و جێی بۆردومانەکە نیشان دەدات و پەنجەرەکانی ئەو بینا سێ نهۆمیە هاڕەیان کردووە. لە دیمانەکەدا خاشاکی پاش بۆردومانەکە و کڵپەی ئاگری سوتانی شوێنەکە دەخاتەڕوو.

ئۆکرانیا دەڵێت لانیکەم 1170 هاوڵاتی لە ماریوپول هەر لە سەروەختی داگیرکارییەکانی ڕووسیاوە کوژراون و 47 هاوڵاتیش لە ڕۆژی چوارشەممە لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا بە خاک سپێردراون بەڵام ناتوانرێت ژمارەی قوربانییەکان پشتڕاست بکرێنەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG