ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ بەرپرسانی کیێڤ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان لە ئۆکرانیا پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە و جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزەکانی مۆسکۆ کار بۆ بەزاندنی حکومەتی ئۆکرانیا ناکەن.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە سێ خول لە وتووێژەکانی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گوتی "لە گفتوگۆکاندا هەندێک پێشکەوتن بەدیهاتووە" ئەو گوتیشی کە ڕووسیا مەبەستی ڕووخاندنی حکومەتی ئێستای ئۆکرانیا نەبووە.
بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر سنووری بێلارووس و پۆڵەندا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن بۆ کۆتایی پێهێنانی شەڕ.
زاخارۆڤا گوتی کە خولێکی تری گفتوگۆکان بڕیارە تیشک بخاتە سەر ڕێڕەوە مرۆییەکان بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی.
هەروەها گوتیشی مۆسکۆ بە نیاز نییە ئۆکرانیا داگیر بکات یان حکومەتەکەی هەڵوەشێنێت.
ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ناردووە بۆ ئۆکرانیا بۆ ئەوەی لە بوونی نازییەکان پاکی کاتەوە.
سەرچاوە: فرانس پرێس