Accessibility links

نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی بۆرسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا 110 دۆلاری تێپەڕ کرد


نرخی نەوت لە بازاڕەکانی بۆرسەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی چوارشەممە بەرزبوویەوە و هەر بەرمیلێک 110 دۆلاری تێپەڕاند.

هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ سزا سەپێندراوەکانی سەر کەرتی وزەی ڕووسیا کە وایکردووە نرخی نەوت زیاتر بەرزبێتەوە.

ڕووسیا دابینکەرێکی سەرەکی سووتەمەنییە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئێستاش بەهۆی داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن ئەو وڵاتەوە، یەکێتی ئەوروپا چەندین سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە.

نرخی نەوت لە ئێستادا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانە سەبارەت بە دابینکردنی نەوت لە دوای سزا قورسەکان بۆ سەر بانکە ڕووسیەکان، هاوکاتیش بازرگانەکان بە دوای سەرچاوە نەوتیەکانی دیکەدا دەگەڕێن کە جێگای سەرچاوەکانی ڕووسیا بگرێتەوە.

سەرچاوەیەکی بازرگانی ڕۆژی چوارشەممەدا ڕایگەیاند کە پێدەچێت لە مانگی چواردا، عەرەبستانی سعودیە وەک گەورەترین هەناردەکردنی نەوت، نرخی نەوتی خاو بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.

هاوکات ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ ڕووسیا و هاوپەیمانان کە پێکەوە ناسراون بە ئۆپێک+، وابڕیارە درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە کۆببنەوە و چاوەڕوان دەکرێت پابەندبوونی خۆیان بۆ پلانی زیادکردنی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دووپات بکەنەوە بۆ دابینکردنی هەر مانگێک.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG