Accessibility links

شارەزایەکی بواری نەوت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەکو بومەلەرزەیەک وایە بۆ هەرێمی کوردستان


پاڵاوگەی نەوت
پاڵاوگەی نەوت

توێژەرێکی بواری ئابووری و سێکتەری نەوت ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە نادەستوری بوونی نەوتی هەرێم، گەر جێبەجێ بکرێن، ئەوا حکومەتی هەرێم سەربەخۆیی ئابووری لەدەست دەدات و دەبێتە دەزگایەکی کارگێڕی سەربەعێراق، جەخت لەسەرئەوەشدەکاتەوە بڕیارەکانی دادگا بۆ لایەنە عێراقیەکان ڕەنگە گەمەی سیاسی بن، بەڵام بۆ هەرێم مەترسیدارن و وەکو ئەو پەندە کوردیە وایە، کە دەڵێت منداڵەکان بۆ گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، بەڵام بۆقەکان بەڕاستەوە دەمردن.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەد حسێن توێژەری بواری ئابووری و سێکتەری نەوت و سامانی سروشتی، دەڵێت"لەعێراق و هەرێم دەرفەت هەبووە تا حکومەتەکان سەرپێچی یاسا و بەندە دەستوریەکان بکەن، چونکە چینی دەسەڵاتداری عێراق و هەرێم زۆرجار بڕیارەکانی دادگایان پێشێل کردووە و تێشپەڕیووە، هۆکارەکەشی لاوازی حکومەت و دام و دەزگا حکومیەکانە، دوورنیە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش هەمان چارەنووسیان هەبێت."

ڕوونیشیکردەوە، گەر حکومەتی عێراق بیەوێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بسەپێنێت بەسەر هەرێم دا، هەرێمیش هەوڵی پابەند نەبوون دەدات، یەکەم ڕێوشوێنیش کە چاوەڕوانی گرتنەبەری دەکرێت، بڕینی ئەو دووسەد ملیار دینارەیە، کە عێراق مانگانە بۆ هەرێم دەینێرێت، وتی"ڕەنگە هەنگاوێکی تری عێراق خستنە لیستی ڕەشی ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە بێت کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاردەکەن، ڕەنگە عێراق داوا لەتورکیا بکات ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم ڕابگرێت، بەتایبەت پێشتر عێراق لەدادگای ناوبژیوانی ژووری بازرگانی پاریس سکاڵای لەسەر تورکیا تۆمار کردووە و داوای قەرەبوو دەکات، گوایە بەنایاسایی ڕێگەی بەهەرێم داوە بۆری نەوتی عێراق_تورکیا بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتەکەی بەکاربهێنێت."

جەختیشیکردەوە"گەر هەولێر و بەغداش بیانەوێت بگەنە ڕێککەوتن، دەتوانن سیغەیەکی یاسایی بدۆزنەوە، بەجۆرێک حوکمەکانی دادگا جێبەجێ بکەن، هەردوولایان پێی ڕازی بن، چونکە جێبەجێکردن و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکان، گرێدراوی خواستە سیاسیەکانن."

ئەو توێژەرەی بواری سێکتەری نەوت و سامانی سروشتی پێیوایە، گەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکرێن، هەرێم سەربەخۆیی دارایی لەدەست دەدات و کۆنترۆڵی بەسەر نەوت و غازەکەیەوە نامێنێت، نەوت و غازی هەرێمیش، هاوشێوەی کەرکوک و بەسرەو دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، وتی"ئەوکات پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان کۆتایی دێت، وەزارەتی نەوتی عێراق مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە دەکات، لەمحاڵەتەشدا دەسەڵاتەکانی هەرێم ڕەنگە کەمێک زیاتر بێت لەپارێزگایەکی وەکو دیالە."

محەمەد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، گەر بەغدا پێداگیربێت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، جگە لە بڕینی دووسەد ملیار دینارەکەی هەرێم، کۆمپانیا نەوتیەکانیش ناوێرن بێن بۆ هەرێم، یان گەر هاتیشن، تێچووی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانیان لەسێکتەری نەوتی کوردستان زیاتر دەبێت، لەهەردوو حاڵەتەکەشدا داهاتە گشتیەکانی هەرێم کەمدەبێتەوە.

گەر بەغدا پێداگیربێت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، ڕەنگە سیناریۆی ساڵی 2014 دووبارە بێتەوە، کاتێک وەزارەتی نەوتی عێراق ستافێک پارێزەری ڕاسپاردبوو، کەشتی نەوتی هەرێم بەرەو هەر وڵاتێک ڕۆشتبا، ئەو پارێزەرانە سکاڵایان تۆماردەکرد، تا وایلێهات تەنها ئیسرائیل وەکو کڕیاری نەوتی هەرێم مایەوە، ئەمەش بەپێی وتەی محەمەد حسێن.

ناوبراو وتیشی"گەر هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون و بەجۆرێک حوکمەکانی دادگا جێبەجێ بکەن، هەرێم هەر کۆنترۆڵی سیاسی لەکەرتی نەوت لەدەست دەدات، بەڵام لەڕووی داراییەوە پارەی دێتە بەردەست."

محەمەد حسێن توێژەری بواری سێکتەری نەوت و سامانی سروشتی باسیلەوەشکرد، سکاڵای سەر نەوتی هەرێم لەساڵی 2012 ەوە لەدادگای فیدراڵی عێراقە، بەڵام لەوکاتەوە دواخراوە، وتی"گومان دەکرێت جوڵاندنی لەمکاتەدا، پەیوەندی هەبێت بە گفتووگۆکانی پێکهێنانی حکومەت و لایەنگیری کوردەوە هەبێت لەو کێشانەدا، چونکە هێشتا لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆڵیان لەنێو وەزارەت و دادگای فیدراڵی ماوە."

وتیشی"ڕەنگە لایەنە شیعەکان بیانەوێت لەڕێگەی دادگای فیدراڵیەوە گەمەیەکی سیاسی دژی هەرێم بکەن، بەڵام ئەم گەمە بۆ هەرێم وەکو ژیان و مەرگ وایە، چونکە ئەم بڕیارە وەکو بومەرلەرزەیەکی سیاسی وابوو بۆ هەرێم، گەر سەرکردایەتی کورد حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن، دەتوانن زیانەکانی کەم بکەنەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:44 0:00

XS
SM
MD
LG