Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 100 هاووڵاتی لە ماوەی 5 ڕۆژی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کوژراون


بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باچلێت ڕۆژی دووشەممە گوتی لە سەرەتای هێرشە داگیرکارییەکانی ڕووسیاوە بەلایەنی کەمەوە 102 هاووڵاتی سڤیل لە ئۆکرانیا کوژراون و 304 کەسیش بریندار بوون.

باچیلێت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی مافەکان مرۆڤ لە ژنێف گوتی: "زۆربەی ئەو هاوڵاتیانە بە چەک و هێرشی جۆراوجۆر کوژراون ، لە ناویاندا بۆمبی قورس و سیستەمی موشەکی و هێرشە ئاسمانییەکان."

میشێل باچیلێت ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەوان ترسیان لەوە هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان "زۆر زیاتر بێت".

هاوکات بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند تۆپخانەکانی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ناوچەی نیشتەجێبوونی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا خارکیڤیان بۆردومان کرد و بەوهۆیەشەوە دەیان کەسی کوژران.

ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجامدران کە بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانی لە سنووری بێلارووسیا کۆبوونەوە، بەڵام گفتوگۆکانیان هیچ پێشکەوتنێکیان بەدەست نەهێنا.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG