Accessibility links

ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە دەرەوەی کیێڤ


هێزەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا ڕۆژی هەینی، دووهەم ڕۆژی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، لە دەرەوەی کیێڤ ڕووبەڕووی یەک بوونەوە لە کاتێکدا هەوڵێکی دیپلۆماسی بۆ دامرکاندنەوەی توندوتیژییەکان بەردەوام بوو و وڵاتانی ڕۆژاوا هەوڵە بەرگرییەکانیان پتەوکرد.

سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی دەنگی تەقینەوە لە پایتەختی ئۆکرانیا دەبیسترا، لە دووهەم ڕۆژی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیای دراوسێی.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمس ڕادەگەیەنێت گرتەیەکی ڤیدیۆیی پشتڕاستی کردووەتەوە کە پارچەکانی ئاگری تەقینەوەکە لە کیێڤ نیشان دەدات. ڕۆژنامەکە دەشڵێت ڤیدیۆکە "وادیارە بەلایەنی کەم دوو مووشەک نیشاندەدات کە دەگیرێنە کیێڤ بەر لە تەقینەوەیان."

زەنگی هۆشیارکردنەوە لە شاری لڤیڤ ڕۆائاوای ئۆکرانیا دەبیسترا. ئەوە شارە نزیکە لە سنووری پۆڵەنداوە کە بەشێکی زۆری باڵیۆزخانە بیانییەکان بە شێوەیەکی کاتیی گوازراونەتەوە بۆ ئەوەێ.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەو هێزانەی ڕووسیا کە لە بێلاڕووسیاوە چوونەتە ناوەوە بە نزیکەی 32 کیلۆمەتر پێشڕەوییان بەرەوە کیێڤ کردووە.

لە باکوری ئۆکرانیا هێزی ڕووسیا دەستیان گرتووە بەسەر کارگەی وزەی چێرنۆبڵ. سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمر زلێنسکی گوتی " ئەمە ڕاگەیاندنی جەنگە لە دژی تەواوی ئەوروپا."

ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە سزای قورسی نوێی لە دژی ڕووسیا ئاشکرا کرد دوای ئەوەی مۆسکۆ هێرشێکی سەرتاسەریی بۆ ئۆکرانیا دەستپێکرد. پێوانەکان بریتین لە ڕێگریکردن لە توانای ڕووسیا بۆ ئەنجامدانی بازرگانی بە دراوە سەرەکییەکانی جیهان لەگەڵ سزاکانی دژ بە بانکەکان و کۆمپانیاکانی دەوڵەت.

سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی گوت " ئەمە هێرشێکە کە پێشتر ڕێکخراوە،" سەرۆکی ڕووسیا ڤلادمێر پوتن هەوڵەکانی وڵاتانی ڕۆژاوای ڕەتکردەوە بۆ گفتوگۆکردن و سەرپێچی کرد لە یاسا نێودەوڵەتییەکان. گوتیشی " پوتن هێرشبەرەکەیە. پوتن ئەم شەڕەی هەڵبژاردووە. و ئێستا خۆی و وڵاتەکەی ڕووبەڕووی دەرەنجامەکان دەبنەوە."

بایدن گوتی سزاکان بە شێوەیەکن کە کاریگەری درێژخایانی لەسەر ڕووسیا هەبێت و کاریگەری لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کەم بکاتەوە. گوتیشی واشنتن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی کاری زیاتر.

XS
SM
MD
LG